پێگەی (بەغداد ئەلیەوم) بڵاوی كردووەتەوە، ئەمریكا داوای لە عێراق كردووە، ڕێگر بێت لەوەی گەورەفەرماندە و تاوانبارانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد بۆ عێراق ڕابكەن.
سەرچاوەیەك بە پێگەكەی ڕاگەیاندووە، واشنتن سەرقاڵی ڕێكخستنەوەی دۆسیەی سووریایە، سەردانی ئانتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش، لەو چوارچێوەیەدایە، كە تێیدا داوای لە عێراق كردووە هیچ دەستوەردانێك لە دۆخی سووریادا نەكەن.
لەو چوارچێوەیەدا ئەمریكا داوای لە بەرپرسانی عێراق كردووە، گەورەبەرپرسان و فەرماندە تۆمەتبارەكانی ڕژێمی ئەسەد كە تاوانی گەورەیان كردووە، لە عێراق داڵدە نەدرێن و خاكی عێراقیش بۆ دەربازبوون بەكار نەهێنن. ئەوەشی ڕاگەیاندووە: ئەمریكا دەزانێت 70%ی ئەو تۆمەتبارانە هەر لە ناو سووریادان و نەیانتوانیوە دەرباز بن.
ئەوەش ڕاگەیەندراوە، ئەمریكا پشتیوانیی پاراستنی ئاسایشی عێراق و پاراستنی سنوورەكانی دەكات لە هەر ئەگەرێكی هێرش و پەلاماردانی وڵاتەكە لە سنووری سووریاوە.
بەپێی سەرچاوەكان، یەكێك لە پرسە گرنگەكانی سەردانی بلینكن بۆ لای محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەوە بووە، پێی گوتووە، دەبێت عێراق تەواو پابەند بێت بە ڕێگری لە گواستنەوەی چەك لە ئێرانەوە بۆ بە عێراقدا و لەوێشەوە بۆ سووریا.


وەڵام بدەوه