سەرچاوە عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانە ڕانەگەیەندراوەکەیدا بۆ بەغدا لە ڕۆژی (هەینی، 13ی 12ى 2024)، پەیامی پەیوەندیدار بە سووریای گەیاندووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەردوولا لەسەر چەندین خاڵ ڕێک کەوتوون، کە لە بەرژەوەندیی ئاسایشی عێراق و ناوچەکەدایە.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوێنێ هەینی، لەمیانەی گەشتەکەیدا بۆ ناوچەکە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ڕووداوەکانی سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە، سەردانێکی پێشتر ڕانەگەیەنراوی بۆ بەغدا ئەنجام دا. لهو سهردانهیدا، بلینکن چاوی بە محەمەد شیاع سوودانی، سهرۆك وهزیرانى عێراقی کەوت و گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، دۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکانی سووریا کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بلینكن و سوودانی باسیان لەو هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییانە کردووە، کە پێویستن بۆ بەهێزکردنی ئاسایش لە سووریا و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە.
سەرچاوەیەک لە حکوومەتی عێراق، کە داوای کرد ناوی نەهێنرێت، بە ڕۆژنامەی (العربی الجدید)ی ڕاگەیاندووە، بلینکن داوای لە سوودانی کردووە، کە گرووپە چەکدارە عێراقییەکان کۆنتڕۆڵ بکات و ڕێگرییان لێ بکات هەر هێرشێک بکەنە سەر سووریا.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، بلینکن جەختی لەوە کردووەتەوە، کە سەقامگیریی سووریا کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە. عێراقیس ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری هەیە لە ڕووی جوگرافی و سیاسی لەم پرسەدا.
سەرچاوەکە ئاماژەی بە نیگەرانیی ئەمریکییەکان کردووە، لە هەوڵی ئێران بۆ جووڵاندنی گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە عێراق، به مهبهستى تێكدانى سەقامگیریی ئاسایش لە سووریا، ئەوەش حکوومەتی بەغدا بەرپرسیارە لە کۆنترۆڵکردنی ئەو گرووپانە.
دوێنێ هەینی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی (ئێکس)، جەختی کردەوە لەسەر ڕێککەوتنی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ لایەنی عێراقی، لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە هەڵبژاردنەکانی گەلی سووریا و کارکردن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی فرەلایەن، کە گوزارشت لە ویستی گەلی سووریا و فرەچەشنیی پێکهاتەکانی بکات.


وەڵام بدەوه