ئەنجوومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی سوودانی كۆ دەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجە دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەم چواری كانوونی یەكەم، فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی بڵاو كردەوە كە تەوەری یەكەمی بریتییە لە میوانداریكردنی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران.
بەپێی كارنامەی ئەنجوومەنی نوێنەران، جیا لە بانگهێشتكردنی سوودانی، ئەمڕۆ خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژەیاسایەك دەكرێت، لەوانەش خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجەی سێ ساڵ.
هاوكات ئەنجوومەنەكە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی دەدات، هەروەها هەمواری یەكەمی پێشنیارە یاسای رەگەزنامەش دەنگی لەسەر دەدرێت.
لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران، خوێندنەوە و گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای فڕۆكەوانیی مەدەنی دەكرێت، وابڕیارە كۆبوونەوەكە سەعات یەكی پاش نیوەڕۆ بەڕێوە بچێت.
وەڵام بدەوه