وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق له ڕاگه‌یاندراوێكدا، جه‌خت ده‌كاته‌وه كه هێزی پێشمه‌رگه‌ى كوردستان هێزێکی نیشتمانییە و گومانی تێدا نییە، هاوكات پرسی دابینكردنى ئەو تۆپانەی كه ڕاده‌ستى پێشمه‌رگه كراون، زیاتر لە حەوت ساڵ لەمەوبەر ڕوویداوە.
له ڕاگه‌ینادراوه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 19ى ئه‌یلوولى 2024) ئه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو، كه لە بەرامبەر ئەوەی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە پرسی ڕاده‌ستكردنى (تۆپی هاوتزه‌ر 105 ملم) به هێزی پێشمەرگە بڵاودەبێتەوە، دەمانەوێت لەم بارەوە ئەمانەی خوارەوە ڕوون بکەینەوە:
1. گرێبەستی کڕینی ئەو چه‌كه لە سەردەمی وەزیری بەرگری (عیرفان حەیالی) کراوە و لە سەردەمی وەزیری بەرگری (جومعە عیناد) هەموار کراوەتەوە.
2. بڕە پارەی نرخى تۆپەکان پێش پێکهێنانی حکوومەتی ئێستا خەرج کراوە.
3. تۆپەکان لە 20ی تشرینی دووەمی 2023 گەیشتنە بەندەری ئوم قەسر.
4. تۆپەکان ڕاده‌ستى وەزارەتی پێشمەرگە نه‌كرابوو، سەرەڕای ئەوەی ساڵێک بەسەر گەیشتنیان بۆ بەندەری ئوم قەسر تێپەڕیبوو.
5. تۆپەکان بە پشتبەستن بە یاداشتەکەی فه‌رمانده‌ى ئەرکانی سوپا بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و دوای گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست ڕاده‌ست كران.
هه‌روه‌ها هاتووه: " وەزارەتی بەرگری ئەوە دووپات دەکاتەوە کە هێزی پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانییە و دڵسۆزییان بۆ عێراق گومانی تێدا نییە، هەروەها پرسی ئەو تۆپانەی پێشتر باسمان کرد زیاتر لە حەوت ساڵ لەمەوبەر ڕوویداوە و ڕادەست نەکراون تا دوای ئەوەی هەموو ڕێوشوێنەکانی پەیوەست بەم بابەتە گیرانەبەر.
داواش ده‌كرێت، میدیاکان نەکێشرێنە ناو ئەو درۆ و هەڵبەستراوانەی کە لەلایەن کەسانی ناپسپۆڕەوە سەبارەت بە بابەتەکانی پەیوەست بە وەزارەتى به‌رگرى عێراق، دەردەچن.
وەڵام بدەوه