Kurdistan Press - قائانی ئێران بۆچی سەردانی عێراق کرد؟ قائانی ئێران بۆچی سەردانی عێراق کرد؟ | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

قائانی ئێران بۆچی سەردانی عێراق کرد؟

دوێنێ سێشەممە، 17 ئەیلوولی 2024، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزەکانی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرکردەکانی چەند گرووپێکی چەکداریی عێراقی كرد، کە تاران پشتیوانییان دەکات.

سەردانەکەی قائانی بۆ بەغدا لە کاتێکدا بوو، کە قەیرانی سیاسیی عێراق قووڵتر و بەردەوامە، بەتایبەتی دوای ئاشکرابوونی تۆڕی چاودێریی سیخوڕیکردن لە نووسینگەی محمەد شیاع سوودانی، لە مانگی ڕابردوودا، هەروەها توندوتیژی و هێرشی میدیایی و گوتاری بەردەوامی هەندێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دیارترینیان نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و قەیس خەزعەلی، سەرۆکی گرووپی عەسائیب ئەهلی حەق، لە دژی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سەرچاوە ئاگادارەکان لە بەغدا بە ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)یان ڕاگەیاندووە، کە قائانی بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتووەتە بەغدا و لەو ماوەیەدا چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرکردەکانی هەندێک لە لایەنە چەکدارەکانی عێراقدا كردووە و لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی قەیرانەکان و ڕاگرتنی هێرشی میدیایی دژ بە سوودانی و حکوومەتەکەی لەلایەن ئەو لایەنانەوە گفتوگۆی لەگەڵ کردوون.

سەرچاوەکان ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، کە قائانی لە کۆبوونەوەکانیدا هەڵوێستی تارانی سەبارەت بە پێویستیی چارەسەرکردنی قەیرانەکان و ڕاگرتنی گرژییەکانی دژ بە سوودانی و حکوومەتەکەی گەیاندووەتە لایەنە سیاسی و میلیشیا چەکدارەکان.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) قائانی لە کۆبوونەوەکانیدا لە بەغدا باسی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کردووە و جەختی لەسەر پێویستیی دانانی خشتەیەکی ڕوون و ڕاگەیەندراو بۆ ئەم کشانەوەیە کردەوە، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە، بوونی ئەمریکا لەنزیک ئێران مەترسی و هەڕەشەی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە دروست کردووە.

تاران ماوەیەکە گوشار دەخاتە سەر بەغدا لە دۆسییەی کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە یەکێکە لە دۆسییە سەرەکییەکانی ئێران لە بواری کاروباری عێراقدا.

لەمبارەیەوە، محەمەد عەلی ئەلحەکیم، توێژەری سیاسی بە ڕایگەیاندووە: ”سەردانەکەی قائانی بۆ بەغدا لەم کاتەدا و لەم قۆناغەدا، کە بە قەیرانێکی سیاسیی گەورەی ڕانەگەیەندراودا تێدەپەڕێت، ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە ململانێی نێوان هەندێک لایەن لە چوارچێوەی هەماهەنگی لەلایەک و محەمەد شیاع سوودانی لەلایەکی دیکەوە گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و بۆیە ئێران هاتووە دەست وەردەدات، تاوەكوو ڕیتمی ماڵی سیاسیی شیعە لە هەر ململانێیەکدا کۆنتڕۆڵ بكات.“

ئەلحەكیم ئاماژەی بەوەش داوە: ”ململانێی نێوان لایەنەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگی و سوودانی گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و هەڕەشەی دوورخستنەوە و چوون بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان واقیعی و ڕاستەقینەیە، دوای ئەوەی کە تۆڕی سیخوڕیی گوێگرتن بە شێوەیەکی سەرەکی سەرکردەکانی چوارچێوە و فراکسیۆنەکانی كردووەتە ئامانج و ئەمەش تووڕەیی لێ کەوتووەتەوە و ناکۆکییەکانی لەگەڵ سوودانی فراوانتر کردووە.“

ئەوەشی خستووەتە ڕوو: ”دوای دەستێوەردانی قائانی بۆ وەستاندنی گرژییەکانی سەر سوودانی و حکوومەتەکەی لەلایەن سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و فراکسیۆنەکانەوە، ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوودا گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ڕووی هێمنی و وەستاندنی هێرشی میدیاکانی عێراق ببینین.“

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه

NEW APP AVAILABLE
ئاگادارکردنەوەکان

هەرگیز نوێکارییە گرنگەکان لەدەست مەدە

دۆخی تاریک

ئاسانە بۆ چاو، بە شەو یان ڕۆژ

KurdistanPress Mobile App
هەواڵى بەپەلە
KurdistanPress
هاوبەشی خێرا