بانکی ناوەندیی عێراق، ئاشکرای دەکات، كە پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بەردەوامی هەیە و تەنیا لە فڕۆکەخانەکان دەدرێت.
نووسینگهی ڕاگهیاندنی بانکی ناوهندیی عێراق، بڵاوی کردەوە: "بانکی ناوەندیی عێراقی دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە و لەلایەن بانکی ناوهندییهوه دەرنەچووە، پڕۆسەی فرۆشتنی دۆلار لە ڕێگەی ئەو شوێنانەی، کە بۆ ئەم مەبەستە دیاریکراون لە فڕۆکەخانەکاندا زۆر بە ئاسانی بەڕێوەدەچێ."
ئاماژەی بەوەش داوە، دۆلار لە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو نادرێتە گەشتیاران بەڵکوو لە فڕۆکەخانەکان دەدرێت.
بانکی ناوهندی داوا دهکات، به ورییایهوه ئاگاداری ئهم نووسراوە ساختەیە بن.
هەر گەشتیارێک بڕی سێ هەزار دۆلاری بە نرخی فەرمی، واتا هەر 100 دۆلارێك بە 132 هەزار دینار پێ دەدرێت، پێویستە گەشتیار بەر لە سێ ڕۆژ لە وادەی گەشتەکەی، كۆمپانیایەكی مۆڵەتدراوی ئاڵوگۆڕی دراو دیاری بكات، چونکە ئەگەر وا نەکات، ناتوانێت دۆلاری کاش بە نرخی فەرمی وەربگرێت.
کۆمپانیاکەی ئاڵوگۆڕی دراو داتای گەشتیارەکە تۆمار دەکات و ناوەکەی بەرز دەکاتەوە بۆ سەکۆی ئەلیکتڕۆنی تایبەت بە بانکی ناوەندیی عێراق و پسوولەیەک دەداتە گەشتیارەکە، کە پڕۆسەی دانانی دینارەکە پشتڕاست دەکاتەوە و پاشان لە كاتی گەشتەكەیدا بەو پسوولەیە دۆلاری كاشی پێ دەدرێت.
پێشتر لە مانگی ڕابردوو عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند: "بۆ پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران، گۆڕانكاریی زۆر كراوە، تا دوای مۆری ڕۆیشتن لە فڕۆكەخانە، دۆلار نادرێت بە گەشتیار."
ئاماژەی بەوەش دا: "پڕۆسەكە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر دەستی پێكردووە، بەڵام بە گشتی زۆر بەئاسانی بەڕێوە دەچێت، چونكە لە فڕۆكەخانەكاندا تیم هەیە بۆ چاودێریكردنی پڕۆسەكە و بەدواداچوونی ڕاستی و دروستی ئەو بڕە دۆلارەی دەكرێت، ئەمەش بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمانە، كە بریتییە لە گەیشتن بە ڕێبوارە ڕاستەقینەكە."
وەڵام بدەوه