وێنەیەكی محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ سێ پارێزگاردا، ئاگری لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەردا و پێیان وایە، سەرۆك وەزیران پۆستەكەی بۆ بەهێزكردنی فراكسیۆنە سیاسییەكەی بەكار دێنێت.
سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ پارێزگارەكانی بەسرە، كەربەلا و واست، وێنەیەكی گرتووە و لە وێنەكەدا وادیارە زۆر لێكەوە نزیكن، ئەمەش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییە عێراقییەكاندا شرۆڤەی جۆراوجۆری بۆ كرا.
دەوڵەتی یاسا، سوودانی بە مەترسی بۆ سەر پێگەی خۆیان دەزانن و پێیان وایە، توانیویەتی زۆرینەی لایەنەكان بەهۆی پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە بۆ خۆی رابكێشێت.
سوودانی كە لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەستنیشان كرا، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونی فراكسیۆنە سیاسییەكەی بەهێزتر كردووە و مەترسیی بۆ سەر فراكسیۆنە گەورەكانی ناو چوارچێوەكە دروست كردووە.
سەرچاوەیەك لە سەركردایەتیی دەوڵەتی یاسا، بە ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەتی ڕاگەیاند، وێنەكە بەبێ دوودڵی، ئاماژەیە بۆ هاوپەیمانیی هەڵبژاردن لە نێوان سوودانی و ئەو سێ پارێزگارە، سوودانی بۆ ئەمە بەردەوام هەوڵ دەدات و پۆستەكەشی بەكار دێنێت.
غازی فەیسەڵ چاودێری سیاسی بەهەمان ڕۆژنامەی ڕاگەیاند، "كۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ هەرسێ پارێزگارەكە گرنگی خۆی هەیە لەبارەی ئاوەدانكردنەوەی وڵات. ئەمەش ڕەنگدانەوەی مۆدێلێكە بۆ هاوپەیمانییەكی مەدەنیی نوێ، كە هیوادارین دیموكراسی و كاریگەر بێت لەسەر ئاستی چاكسازی و دووبارە بنیاتنانەوە، دووبارە داڕشتنەوەی هاوكێشەی دەسەڵات كە بەهۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی لەرزۆكەوە بەڕێوە دەبرا".
وەڵام بدەوه