شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بۆ وردبینیکردنی لیستی مووچە، خەرجی و داهات، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
هەینی 16ـی ئابی 2024، بڕیارە شاندێکی 15 کەسی دیوانی چاودێری فیدراڵ، بۆ وردبینیکردنی لیستی مووچە، خەرجی و داهات سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
پێنجشەممە 15ـی ئابی 2024 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی ڕایگەیاند: وردبینی لە لیستی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوبوون و هیچ کێشەیەکیان تێدا نییە و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، پارەی پێویست بۆ تەمویلی مووچە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد: لیستی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە نێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایش کۆتایی بە وردبینیکردن هێناوە و هیچ کێشەیەک لە لیستەکەدا نییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی (13ـی ئابی 2024)ـی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ بە ئەندامانی لێژنەکەی ڕاگەیاندبوو لە ماوەی دوو ڕۆژدا مووچەی مانگی تەمموزی تەواوی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی کوردستان دەنێرن.
وەڵام بدەوه