لە ڕاپۆرتێکی پەیمانگەی واشنتۆندا هاتووە، هێزەکانی بەرەی مقاوەمەی! عێراقی، پێنجەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتیان لە جیهان بۆ بەرژەوەندیی ئێران كۆنتڕۆڵ کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەو هێزانە چوونەتە ناو پێکهاتەکانی دەوڵەتی عێراق و توانایان لە قەرزكردن لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان و فرۆشتنی نەوت و غاز (بە دۆلار) هەیە.
بودجەی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی عەرەبە شیعەکان، گەورەترین بودجەیە لە مێژوودا، كە بڕەكەی بە 153 ملیار دۆلاری ساڵانە دەقەبڵێندرێت و بۆ ماوەی سێ ساڵی یەک لەدوای یەک دیاری كراوە، ئەو بڕە نزیکەی 50% زیادی کردووە، بە بەراورد بە دوایین بودجەی عێراق، کە لە ساڵی 2021ەوە پەسەند کراوە.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت: ”ئەوەی بەرەی مقاوەمەی عێراقی نزیك لە ئێران بەدەستی هێناوە، لەڕاستیدا ئێرانێکی نوێیە كە ناچێتە ژێر گەمارۆکانی ئەمریکاوە.
ڕاپۆرتەکە داوا لە ئەمریکا دەکات، بە شێوەیەکی بەرچاو سەرچاوە هەواڵگرییەکانی بۆ دابینکردنی بودجە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان لە عێراق بەرز بکاتەوە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی بەرچاوی ئەو پارانەی کە ڕەنگە لەبەردەستی بەرەی مقاوەمەدا بێت، كە لەلایەن ئێرانەوە كۆنتڕۆڵ كراون.
ڕاپۆرتەکە داوای لێکۆڵینەوەی گشتگیر لە هەر کۆمپانیایەکی گەورەی عێراقی دەکات کە لە کەرتێکی سەرەکیی (وەک هەناردەکردنی نەوت) کار دەکات، کە لە تشرینی یەکەمی 2022ەوە گرێبەستی گەورەی پێدراوە، بەتایبەتی ئەگەر پێشتر پێشینەی ئەو کەرتە نەبووبێت.
هەروەها ئەوەیشی تیادا هاتووە: ”قاچاخچێتیی نەوت، کە لە ناوچە دەریاییەکانی بەسڕە دەست پێدەکات، یان بە ناوچە دەریاییەکانی بەسڕەدا تێدەپەڕێت، پێویستی بە چاودێرییەکی زۆر ورد هەیە لەلایەن ئەمریکاوە، بەو پێیەی، حکوومەتی عێراق چیتر بە شێوەیەکی کاریگەر ڕۆڵی چاودێر ناگێڕێت، لەبەرئەوە پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە دۆسیەی کۆمپانیای نەوتی تانکەری عێراقی و کۆمپانیای گشتی بۆ بەندەرەکانی عێراق و هەموو ئەو کۆمپانیایانە بکرێت، کە لە بواری پاڵاوتن و گواستنەوەی نەوت و بەڕێوەبردنی کەشتی و گواستنەوەی کەشتی بۆ کەشتی لە ئاوەکانی عێراقدا کار دەکەن.“
ڕاپۆرتەکە، كە پێگەی (عەرەبی 21) ناوەڕۆكەكەی بڵاو كردووەتەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەش داوە، پێویستە مۆڵەتی وەبەرهێنان و بەخشینی زەوی لە عێراق لە نزیکەوە لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە چاودێری بکرێت، هەروەها گرنگترین شت كە پێویستی بە چاودێری و گرنگیدانی زیاترە دەسەڵاتی دادوەریییە.
پەیمانگا ئەمریكییەكە، داوا دەکات چاودێریی زیاتر بخرێتە سەر فایق زەیدان، (سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی دادگای فیدراڵیی عێراق) و دادوەرە باڵا و ناوەنجییەكانی دیكە.
وەڵام بدەوه