سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: لیژنەكەمان داوایەکی عێراقی ڕەت کردەوە بۆ گۆڕینی شوێنی ئاڵای عێراق یان لابردنی ئاڵای ئیسرائیل لە یاریگاکانی تۆپی پێ، کە میوانداریی ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 دەکەن.
هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپیی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە بە بردنەوەی 2-1 لە ئۆکرانیا لە لیۆن دەستی پێکرد و ئەمڕۆ شەممە لە هەمان یاریگادا ڕووبەڕووی ئەرجەنتین بووەوە بە گۆڵێک بەرامبەر بە سێ گۆڵ بە ئەرجەنتین دۆڕا.
هێردە ڕەئووف سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەڵبژاردەی عێراق، بە ئاژانسی (فڕانس پرێس)ی ڕاگەیاند: ”کاتێک گەیشتینە یاریگای لیۆن، ئاڵایەکی عێراقیمان بینی لە تەنیشت ئاڵای ئیسرائیل هەڵکرابوو، هەرچەندە تیپەکەیان لە لیۆن هیچ یارییەک ناکات.“
ئەوەشی خستە ڕوو: ”پێش ئەنجامدانی یاریی نێوان عێراق و ئەرجەنتین، ئیمەیڵێکی ناڕەزایی دەربڕینمان نارد بۆ گۆڕینی شوێنی ئاڵاکە، بەڵام داواکەمان ڕەت کرایەوە.“
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی (فڕانس پرێس) هەڵبژاردەی عێراق، داوای لە نوێنەری لیژنەی ئۆڵۆمپیی نێودەوڵەتی کردووە، شوێنی ئاڵاکە بگۆڕێت یان ئاڵای ئیسرائیل لاببات، بەڵام لیژنەکە ڕەتی کردووەتەوە، بە هۆکاری ئەوەی یاریگاکە ئاڵای هەموو ئەو وڵاتانەی تێدایە کە بەشداری لە پێشبڕکێکانی تۆپی پێی پیاوان و ئافرەتان دەکەن و ڕیزبەندی ئاڵاکان بەپێی ئەبجەدییەتی ئەلف و بێیە.
بە گوێرەی یاسای ئۆڵۆمپیاد ئاڵای وڵاتانی بەشدار لە پێشبڕکێکان لە یاریگاکانیان بەپێی زمانی وڵاتی میواندار بە ڕیزبەندی ئەبجەدی دادەنرێن.
وەڵام بدەوه