لەسەر پڕۆژەیاساكان و هەمواركردنەوە و تێنەپەڕاندنیان لە پەرلەمانی عێراق، كێشە دەكەوێتە نێوان حكوومەتی عێراق، بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی و پەلەمانی عێراقەوە، بەوهۆیەوە، سەرۆكوەزیرانی عێراق ژمارەیەك پڕۆژە و هەمواری یاسای لە پەرلەمانی عێراق كشاندووەتەوە.
محەمەد عەنووز، ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ میدیا عێراقییەكان ئاشکرای کردووە، پەرلەمانی عێراق بەدەست پەکخستنی زیاتر لە 100 پڕۆژە و هەمواری یاساوە دەناڵێنێت، لەنێویاندا ئەو یاسایە گرنگانەی، کە لەلایەن حکوومەتەوە کشاونەتەوە، بۆ ئەوەی هەمواریان بۆ بکات.
عەنووز دەڵێت: ”لەنێو یاسا هەڵپەسێردراوەکاندا، یاسای خزمەتگوزاری و کۆمپانیا نەوتییەكان و یاسای خزمەتگوزاریی شارستانیی فیدراڵی هەیە، ئەمە جگە لە چەندین یاسای دیکە.“
ئەو ئەندامەی لێژنەی یاسایی ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو یاسایانە بە نووسراوێکی فەرمی لەلایەن حکوومەتەوە کشێندراونەتەوە، كە بە ئامانجی هەموارکردنەوە رەوانەی پەرلەمان كرابوون".
عەنووز، دەشڵێت: "یاسا گرنگەکانی دیکە، کە بەدەست ئاستەنگەوە دەناڵێنن، لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە هۆکاری سیاسی و تەکنیکی ڕاگیراون، لەوانە یاسای لێبوردنی گشتی و یاسای دادگای فیدراڵی.“
لای خۆشیانەوە، ئیبتیسام ئەلهیلالی، نوێنەری چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان ڕایگەیاندووە، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیعاع سوودانی، بۆ کشانەوەی یاساکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران "رۆڵی پەرلەمان تێکدەدات.“
ئەو نوێنەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) ڕایگەیاندووە، “بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کشانەوەی ژمارەیەک ڕەشنووسی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەران، رۆڵی پەرلەمان و کارەکانی پەرلەمان تێکدەدات.“
ئیبتیسام هیلالی، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەكات، لێژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەران پێکبهێنێت، بۆ ئەوەی بەخێرایی هەموارکردنەوەیەکی بنەڕەتی بۆ ئەو یاسایانە بکرێت، کە کشێندراونەتەوە، دەڵێت: ”لەبەرچاوگرتنی سەرنجی لێژنەکانی پەرلەمان، بۆ پەسەندکردن دووبارە ڕەوانەی پەرلەمانیان بکەنەوە.“
لای خۆیەوە عەلی ئەلتەمیمی، شارەزای یاسایی ڕایگەیاندووە، كشاندنەوەی پرۆژەیاساكان لە لایەن حکوومەت “بەپێی ماددەی 125ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ڕووی یاساییەوە ڕێگەپێدراوە.“
دەشڵێت: ”ئەم ماددەیە رێگە بە کشاندنەوەی داڕشتنی یاساکان بە نامەی فەرمی دەدات، بە مەرجێک خوێندنەوەی دووەمیان بۆ نەكرابێت و کشانەوەکەش وایە، كە ئەم یاسایانە لەبنەڕەتدا نەبووبن و رەوانە نەكرابن.“
ئەلتەمیمی دەشڵێت: ”ئەگەر ئەو پڕۆژانەش لەلایەن حکوومەتێکی پێشووەوە پێشکەشکرابن، دەتوانرێت لەم حکوومەتە بکشێنەوە، چونکە حکوومەتی ئێستا بەرپرسیارە لە جێبەجێکردن و خەمی خەرجکردنی پارەی پێویست، ئەگەر بۆی دەرکەوت کە قەناعەتی بەو پڕۆژانە نییە، یان ئەوانەی کە بێ کەڵکن، مافی ئەوەی هەیە بیانکشێنێتەوە. واتە هەر کەسێک مافی پێشکەشکردنی ڕەشنووسی یاساکانی هەبێت، مافی ئەوەیشی هەیە بیكشێنێتەوە.“
وەڵام بدەوه