لە خشتەی بودجەی 2024ی عێراقدا، 10 ترلیۆن دینار بۆ خەرجییەكانی حاكیمە تەرخان كراوە، كە لەو بڕەدا تەنیا ترلیۆنێك و 332 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە، خەرجیی حاكیمە لە ساڵی 2024، بۆ چەند بوارێك زیاتر لە 10 ترلیۆن و 42 ملیار دینار تەرخان كراوە.
بەپێی ئەو خشتەیە بڕی ترلیۆنێك و 500 ملیار دینار بۆ پسوولەی خۆراك و كڕینی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان تەرخان كراوە.
بۆ كڕینی دەرمانیش بڕی ترلیۆنێك و 660 ملیار و 964 ملیۆن دینار تەرخان كراوە.
بەپێی خشتەكە، بۆ كڕینی گەنم و دانەوێڵە بڕی 5 ترلیۆن و 862 ملیار دینار تەرخان كراوە.
بۆ خەرجیی سکاڵاکانی کێشەکانی موڵکایەتی بڕی 50 ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە، هەروەها بۆ هاوردەكردنی وزە، بڕی 600 ملیار دینار تەرخان كراوە.
لە خشتەكەدا بۆ سەرژمێریی دانیشتوان بڕی 69 ملیار دینار تەرخان كراوە، هەروەها بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانیش، بڕی 69 ملیار و 230 ملیۆن دینار تەرخان كراوە.
هەروەكوو لە خشتەكەدا دیار كراوە، بۆ هەموو بوارەكانی خەرجییەكانی حاكیمە بڕی ترلیۆنێك و 332 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە، كە زۆرترینی بۆ كڕینەوەی گەنمی جووتیارانە بە بڕی 742 ملیار و 715 ملیۆن دینار.
بەراورد بە بودجەی ساڵی 2023، ئەوەی لە خەرجییەكانی حاكیمەی ئەمساڵ زۆر كەمكراوەتەوە، خەرجییەكانی پسوولەی خۆراكە، كە زیاتر لە دوو ترلیۆن و 600 ملیار دیناری لێ كەمكراوەتەوە.
خەرجیی حاکیمە یەکێکە لەو خەرجییانەی بۆ پرسی گشتی خەرجدەکرێت و یەک خەرجی و سەرچاوەیان هەیە، بۆ ئەو پرسانە خەرجدەکرێن، کە گشتین لە هەموو عێراق، دەبێت هەموو پارێزگا و هەرێمەکان بەشداریی تێدا بکەن.
د.نەرمین مەعرووف ، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند: "گفتوگۆكان لەسەر خشتەكانی بودجەی 2024 دەستی پێكردووە، ئەویش بۆ پێداچوونەوەیە بە خشتەکانی داهات و خەرجییەکان و ئامادەکردنی بۆ پەسەندکردنی لە پەرلەمان پێش کۆتاییهاتنی وەرزی یەکەمی یاسادانی ماوە درێژکراوەی ئەمساڵ لە ٩ی حوزەیران."
قەبارەی بودجەی ئەمساڵی عێراق نزیکەی 210 تریلیۆن دینارە و رێژەی کورتهێنانی بودجەكەش 66 ترلیۆن دینارە، كە دەكاتە نزیکەی 31%ی بودجەكە.
وەڵام بدەوه