ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر خشتەكانی بودجەی گشتیی ئەنجام دەدات، دواتر ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت بۆ پەسندكردنی.
ئەمڕۆ یەک شەممە، دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوە دەچێت، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی محەمەد شیاع سوودانی ئاشكرای كرد، بە پشتبەستن بە مادەی 77ـی بودجەی سێ ساڵەی عێراق و بودجەی گشتیی ژمارە 13ـی ساڵی 2013، ئەمڕۆ یەكشەم بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پەسندكردنی بودجە، لە ئەنجوومەنی وەزیران كۆ دەبنەوە و دوای پەسندكردنی، رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت.
"لەبەر ئەوەی بودجەی كوردستان بەشێكە لە بودجە سێ ساڵییەكە، گفتوگۆ لە هەفتەی رابردوو لەسەر ئەو خاڵانە كرا كە پێوەستن بە هەرێمی كوردستان، لەسەر زۆربەی بابەتەكان رێككەوتن كراوە، هەرێمی كوردستان داوای گۆڕینی هەندێك ژمارەی كردووە لەنێو ئەو خشتانەدا، لەوانەش خەرجی و كرێی كۆمپانیاكان، مووچە، بابەتی جیاوازی مووچە، رێككەوتنیش لەسەر ئەو خاڵانە كراوە، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە خشتەكە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسند دەكرێت و دەنێردرێت بۆ پەرلەمان، دەمێنێتەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆی لەسەر بكرێت، كە ئایا بەم شێوەیە پەسند دەكرێت یان نا؟
مستەفا كەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند، پێویستە پێشوەختە سیولە بۆ پڕۆژەكان دابین كرێت بۆ ئەوەی پەكیان نەكەوێت، ئەوەش بە خشتەی یاسای بودجە دەكرێت، ئەگەریش یاساكە كورتهێنانی زۆری تێدابوو، ئەوا دەبێتە مەترسییەكی دارایی.
كەرعاوی گوتی، دوای پەسندكردنی لە حكوومەت و رەوانەكردنی بۆ پەرلەمان، هەوڵ دەدەن لەم وەرزی یاسادانانەدا تێیپەڕێنن كە ئەم وەرزە بۆ ماوەی مانگێك درێژ كراوەتەوە.
ئەم كابینەیەی حكوومەتی عێراق، یاسای بودجەی بۆ ساڵەكانی 2023، 2024، 2025 پەسند كرد، بەڵام لە دەستپێكی ساڵدا دەبێت دووبارە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێتەوە بەمەبەستی كەمكردنەوەی كورتهێنان.
مەزهەر محەمەد ساڵح باسی لەوەش كردووە، بودجەی ئەمساڵی عێراق بودجەی گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری نانەوتی و پیشەسازییە، بۆ ئەو مەبەستەش خەرجیی بەكاربردنی پڕۆژەكان زیاتر كراوە تا بتوانرێت بە خێرایی بەشێك لە پڕۆژە گرنگەكان لەمساڵدا تەواو بكرێن.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان شاندێكی باڵای بە سەرۆكایەتیی وەزیری دارایی لە بەغدایە، تا دەستكاریكردنی یاساكە بەجۆرێك بێت، كێشەی كورتهێنانی چارەسەر بكرێت و بودجەی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت، مانگانە لە كاتی خۆیدا بدرێت، پێشتریش نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و ئەم پرسەیان بەوردی تاوتوێ كرد.
وەڵام بدەوه