بەرپرسێکی ئەمریکا گەیشتە عێراق، بەدواداچوون بۆ دۆسیەکی گرنگ دەکات. ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-05-2024، جێفری پیات، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ فەرمانگەی سەرچاوەکانی وزە گەیشتە بەغدا.
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) وێنەیەکی خۆی لەگەڵ ناوبراو بڵاو کردووەتەوە، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکە دەربڕیوە و دەڵێت، ئامانجی هاتنی بەرپرسە ئەمەریکییەکە "بەدواداچوونە بۆ دۆسیەی سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن".
ڕۆژی یەكشەممەم 14-04-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتۆن و ڕۆژێک دواتر لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە. پێنج ڕۆژ لەو وڵاتە مایەوە، لەو ماوەیەدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن کرد.
ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، وەکو ئەوەی لە پۆستەکەی رۆمانۆوسکیدا ئاماژەی پێ دراوە، "بەهێزکردنی" هاوکارییە دوو قۆڵییەکانی نێوان واشنتن و بەغدایە لە بواری وزەدا.
ساڵی 2021، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق ڕایگەیاند، 81 ملیار دۆلاریان بۆ کەرتی کارەبا تەرخانکراوە، بەڵام گەندەڵی ئاستەنگی گەورە بووە لەوەی کارەبا بە شێوەیەکی سەقامگیری بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت.
ئەلینا رۆمانۆوسکی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، "بەیەکەوە دەتوانین یارمەتی عێراقییەکان بدەین لە بواری گەشەسەندن لە ڕێگەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بە درێژایی هەفتە".
وەڵام بدەوه