بەشێك لە چاودێرانی سیاسیی عێراق پێیان وایە موقتەدا سەدر ڕێبەری رەوتی سەدر بەم زووانە دەست بە چالاكیی سیاسیی دەكاتەوە و بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقیش لە 2025دا بەهێزەوە دەگەڕێتەوە و چاوی لە پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینەیە.
ماڵپەڕی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە كە سیاسییەكان و چاودێرانی دۆخی عێراق پێیانوایە سەدر لە ئێستاوە دەستی بە ئامادەكاریی كردووە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسیی و خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە كۆتایی ساڵی داهاتوو ئامادە دەكات.
ئەمەش لە كاتێك دایە كە سەدر رۆژی 11ی نيسانی رابردوو بڕیاری دا ناو لە رەوتەكەی بنێت (رەوتی نیشتمانیی شیعی)، ئەمەش دوو ساڵ دوای ئەوە هات كە وازهێنانی خۆی لە كاری سیاسیی راگەیاندبوو، دوای ئەوەی نەیتوانی حكوومەتێكی زۆرینە لە عێراق پێك بێنێت.
جێی باسە دوێنێ یەكشەممە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لە راپۆرتێكدا كە پشتبەستوو بوو بە لێدوانی 20 سەرچاوەی ئاگەداری عەرەبی شیعی لە عێراق و نزیك لە رەوتی سەدر، بڵاوی كردەوە كە رەوتی سەدر لە جاران بەهێزتر بووە و ئێستاش سوورە لەسەر ئەوەی حكوومەتی داهاتوو بە زۆرینە دروست بكات، دوای ئەوەی زۆرترین كورسیی پەرلەمانی داهاتوو مسۆگەر دەكات.
وەڵام بدەوه