ئەمڕۆ یەكشەم،، یووسف كیلابی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی: پیرۆزبایی لە پارتی دیموكراتی كوردستان و حكوومەتی هەولێر دەكەم، توانییان بەسەر عێراقدا سەر بكەون.
كیلابی وشەی عێراقیشی كردووەتە ناو دوو كەوانەوە كە مەبەستی لەوەیە كوردستان بەشێك نییە لە عێراق و لە پارەی عێراق دەخوات. وەك ئاماژەیەك بۆ وروژاندنی شەقامی عێراقی دژی رێككەوتنی هەردوو حكوومەت كە جۆرێك تەبایی دروست كردووە و خەڵك بە ئومێدەوە لێی دەڕوانن.
لەوەتەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانی بە چارەسەركردنی كێشەی مووچە، هاووڵاتییانی كوردستان و مووچەخۆران دڵخۆش بكات، حزبەكانی تر و عەرەبە شۆڤێنییەكان دڵتەنگن كە بەردەوام گەشەی خۆیان لە دژایەتیی پێكەوەژیان و دروستكردنی گرژی تائیفی و نەتەوەییدا دەبینن.
كیلابی لە درێژەی پۆستەكەیدا نەیتوانیوە عاجزی خۆی لەو رێككەوتنە كۆنترۆڵ بكات و دەڵێت، "ئەم ناردنی پارەیە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، دژی دادگای فیدراڵی و شەرەف و دینی ئێمەیە. ئەو پێی وایە بووژانەوەی كوردستان و خەڵكی كوردستان، زیان بە شەرەفی ئەوان دەگەیەنێت.
ئەو لێدوانە لە كاتێكدایە كە بە گوتەی مستەفا كازمی سەرۆكی پێشووی حكوومەتی عێراق كە لە لێدوانێكی پێشتریدا گوتبووی، تەنیا ئەو پارەیەی بەرپرسان لە بودجەی عێراقیان دزیوە، دەگاتە 300 ملیار دۆلار. ئەو ژمارەیە بودجەی 30 ساڵی هەموو هەرێمی كوردستانە، جیا لەوەی دەیان ملیار دۆلاری تر لە عێراق بەناوی پرۆژەوە خەرج كراوە و پرۆژەكە خەیاڵییە و لەسەر زەوی نییە. بەڵام كیلابی ئەوانە باس ناكات.
هەمان پەرلەمانتار شەوی پەسندكردنی بودجەی عێراق بۆ ساڵەكانی 2023-2025، لایڤی كردەوە و لە تەنیشت مستەفا سەنەد پەرلەمانتاری بەسڕەوە، وەك شانازی دەیانوت گۆڵی خۆمان لە كورد كرد، ئەوان نزیكترین پەرلەمانتار بوون لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی و دواتر دەركەوت بودجەكەیان پڕ كردووە لە بۆمب بۆ ئەوەی بەشی كوردستان بە یاسا نەدەن، تا دوای ململانێیەكی زۆر و توند، مەسروور بارزانی رۆژی سێی ئەم مانگە نیسان/ئەپریل، چارەسەری كێشەی مووچەی ڕاگەیاند و لە هەفتەی یەكەمی مانگەكەدا دوو مووچەی دابەش كرد.
ئەوە لە كاتێكدایە لەسەر سكاڵایەكی عێراق، لە 25ی ئاداری 2023ـەوە، دادگای ناوبژیوانیی بارزگانیی نێودەوڵەتی، هەناردەكردنی نەوتی كوردستانی بۆ دەرەوە ڕاگرت، بەو پێیە دەبێت عێراق خەرجی بودجەی كوردستان لە ئەستۆ بگرێ، بەڵام لە ماوەی ئەو 13 مانگەدا لە بڕیارەكەوە تا ئێستە، تەنیا حەوت مووچەی داوە.
وەڵام بدەوه