دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەدرییەكان لە ئەندامیەتیی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی رێگریی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە، كە دواتر لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی خۆیان حكوومەتیان بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی پێكهێنا، بۆ جارێكی دیكە سەدریەیكان دەستیان بە جووڵەی سیاسیی گەورە كردەوە، بە دروستكردنی پەیوەندیی سەركردایەتیی رەوتەكە لەگەڵ بنكە جەماوەرییەكان.
بەپێی ئەوەی میدیا عێراقیەیكان بڵاویان كردووەتەوە، سەدرییەکان بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕەوتی سەدر كردووە، سەبارەت بە پێکهێنانی ئەو لێژنانەی، کە ئەرکی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ بنكە جەماوەرییەكاندا هەیە.
لە بەیاننامەیەکی سەدرییەكاندا هاتووە، “بەپێی ڕێنماییەکانی موقتەدا سەدر، ڕێبەری رەوتی سەدر، ئەو پەرلەمانتارانەی دەستیان لە كاری پەرلەمانتاری كێشاوەتەوە، بەشداریی کۆبوونەوەیەکی فراوانیان كردووە لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕەوتەكەیان، ئامانجی كۆبوونەوەكە پێکهێنانی ئەو لێژنانەیە، کە ئەرکی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ بنکە جەماوەرییەکاندا پێسپێردراوە.“
پێنجشەممەی ڕابردوو، نووسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر، داوای پێکهێنانی ئەو لێژنە ناوەندییانەی لە سەركردەكانی رەوتەكەی كرد.
داوای كرد، لە پرسەكانی خەڵكی و خۆشییەكانیاندا بەشداریی بكەن و سەردانی كەسوكاری شەهیدان و لە مزگەوتەكانیشدا پێشنوێژیی بكەن، هەروەها ژمارەكانی خۆیان بۆ سكاڵای خەڵكی دابنێن و سەردانی نەخۆش و پەككەوتەكان بكەن، بە هەموو شێوەیەك خۆیان لە جەماوەر نزیك بكەنەوە.
چاودێرانی سیاسی لە عێراق پێیان وایە، ئەوە سەرەتایەكە بۆ گەڕانەوەی موقتەدا سەدر بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق و لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا سەدرییەكان بەشداریی بەرفراوانیان دەبێت.
پێشتر لەژێر ناونیشانی "موقتەدا سەدر لەڕووی دەرونییەوە شوێنکەوتوانی خۆی ئامادە دەکات بۆ پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن"، ڕۆژنامەی (عەرەبی لەندەنی) ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، سەدر لە بەیاننامەیەکدا، کە لەلایەن نووسینگەکەیەوە دەرچووە و بەناوی خۆیەوە واژۆی لەسەر کراوە، ستایشی جەماوەری بزووتنەوەکەی کردووە، بۆ یەکگرتوویی و گوێڕایەڵیی ئەوان بۆی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی، کە سەدر لە ڕێگەی دەستخۆشیکردن لە شوێنکەوتوانی بەبێ بۆنەیەکی ڕوون، خۆی ئامادەیان دەکات بۆ دەرکردنی بڕیارێکی نوێ و پاشگەزبوونەوە لە بڕیارێکی پێشووی.
ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەكەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەدر چیدیكە ئامادە نییە بە بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی زیانەکانی قووڵتر بکاتەوە، بەڵكوو بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا دەكات و چاوی لەوەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت.
وەڵام بدەوه