Kurdistan Press - ھۆشدارییەک لە عێراقەوە بۆ ئەمریکا ھۆشدارییەک لە عێراقەوە بۆ ئەمریکا | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ھۆشدارییەک لە عێراقەوە بۆ ئەمریکا

لە ماوەی دواییدا نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دابەزی، بەرپرسانی عێراق دووپاتی دەكەنەوە كە نرخەكەی زیاتریش دادەبەزێت، بێ ئەوەی هۆكارەكەی ئاشكرا بكەن، تەنیا دەڵێن رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی بووە، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە عێراق هۆشداری داوەتە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لە بەردەوامیی سزادانی بانكەكانی و لە حاڵەتی بەردەوامبوون، پەنا بۆ دراوی تر جگە لە دۆلار دەبات.

عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سزاكانی ئەمەریكا لەسەر بانكە تایبەتەكانی عێراق بەتەواوەتی سیاسییە و بۆ كوشارخستنە سەر حكوومەتە، كاتێك وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا گوشارێكی زۆری خستووەتە سەر بانكە تایبەتەكان و سەرۆك وەزیرانیش لە واشنتن ئەو باسە دەكاتەوە.

روونی كردەوە، ئێمە لە رێگەی بانكی ناوەندییەوە، پەیامێكمان بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا گەیاند بەوەی ئەگەر لەو سیاسەتەی بەرانبەر بە بانكەكان بەردەوام بێت، عێراق پەنا بۆ مامەڵەكردن بە دراوی تر جگە لە دۆلار دەبات، كاتێك عێراق چاوەڕوانی بانگەشەیە لە گرووپی برێكسی ئابووری، عەتووانی دووپاتی لەوەش كردەوە كە نرخی دۆلار لە دابەزین بەردەوام دەبێت. 

ئەو قسانەی عەتوانی نوێ نین، مانگی رابردووش لەدوای سزادانی ژمارەیەك بانكی عێراقی بە تۆمەتی تێوەگلان لە سپیكردنەوەی پارە و قاچاخی دۆلار بۆ ئێران و پاڵپشتیكردنی چالاكییەكانی سوپای پاسداران، ئەو قسانەی كرد، كە وای كرد شارەزایانی ئابووری باسی مەترسییەكانی هەر هەنگاوێكی لەوشێوە بكەن و داوا لە بەرپرسانی عێراقی بكەن زیاتر بیر بكەنەوە، بەتایبەتی كە لیژنەی دارایی پێشنیازی پابەندكردنی وەزارەتی نەوتی عێراقی بە فرۆشتنی نەوت بە دراوی تر جگە لە دۆلاری ئەمەریكی كردبوو.

لای خۆیەوە د. نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری پێشتر وریایی لە هەنگاوێكی لەو شێوە دا و ئاماژەی كرد، ئێستە هیچ شتێك نییە پاڵپشتی لە دۆلار بكات جگە لە نەوت نەبێت، بۆیە ئەمەریكا دوودڵی ناكات لە پەنابردن بۆ هێزی سەربازی بۆ لەناوبردنی هەر مەترسییەك بۆ سەر دۆلار، بۆیە پارێزگاریكردن لە وابەستەیی نەوت بە دۆلار بە بەردەوام گرنگییەكی لەپێشینەی ئەمەریكا بووە.

لەسەر ئەو بنەمایە مەرسوومی پێی وابوو ئەو داوایانەی باسی فرۆشتنی نەوتی عێراق بە جیا لە دۆلار دەكەن، كردەنی نین و لە تێگەیشتنێكی هەڵە بۆ بنەما سەرەكییەكانی نرخاندنی نەوت لە بازاڕەكان سەرچاوەیان گرتووە، عێراق دەخەنە بەردەم وەڵامدانەوەیەكی زۆر توندی ئەمەریكا، چونكە دەستبەرداربوون لە دۆلار بۆ ئەمەریكا هێڵی سوورە و هەڕەشە دەخاتە سەر پێگەی ئەمەریكا لە دنیا، كە 60%ی یەدەگی دراوی دنیا پێكدێنێت، هەروەها گرنگیی ئابوورییانەی ئەمەریكا لەسەر ئاستی دنیا لەق دەكات.  

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه