دڵنیایی دەدرێت ئەمریا ھەرگیز عێراق بەجێناھێلێت. فەریقی یەکەم جەبار یاوەر، پسپۆڕی کاروباری سەربازی و ئەمنی، لەبارەی دەنگۆی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕاگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا دەکەن، بە شێوەیەکی گشتی لەلایەن ھەندێک میدیا و ھەندێک پەرلەمانتار و سیاسەتوانی ناو عێراقەوە، لە بنەڕەتدا ھەڵەیەکی زەقە! چونكە ئەوە پرسی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا نییە لەناو خاکی عێراق، تەنانەت ئەمریکا ھێزی ئەوتۆی چەکداریی لە عێراقدا نییە، ئێستا ھەندێک بنکەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕ لە دژی داعش لەناو خاکی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە هەن، لەگەڵ ئەوەشدا بنکەی ڕاوێژکاران ھەیە، چونکە ئێستا ئەو بنکانەی هاوپەیمانی بۆ شەڕی دژی داعشن و تەنیا ڕاوێژکاریی سەربازی دەدەن، لەلایەن ھەندێک چەکداری ئەو وڵاتانە دەپارێزرێن، کە ڕاوێژ بە ھێزەکانی عێراق و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن.“
ڕوونیشی کردەوە: ”ھێزی چەکداری شەڕکەری وڵاتانی ھاوپەیمان لەناو خاکی عێراقدا نەماوە، ھەروەھا ھێزەکانی ئەمریکا مەشق و ڕاھێنانی سەربازی بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ناکەن، چونکە ھێزی پێشمەرگە ئەزموونێکی زۆر باشیان لە ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و ئێستا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕێگەی مامۆستاکانی خۆیانەوە مەشق و ڕاھێنانی سەربازی وەردەگرن. بۆیە ئەو گفتوگۆیەی دەکرێت لەلایەن حکوومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق و ھەندێک گرووپی بەناو مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، تەنیا بۆ کۆتاییھێنانە بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە دژی شەڕی تیرۆریستانی داعش، چونکە ئەو ھەوپەیمانێتییە کاتی بووە، مانگی ئابی ساڵی 2014 بۆ ئەرکی شەڕکردن لەگەڵ تیرۆریستانی داعش دامەزراوە، بۆیە ئەمریکا لەناو خاکی عێراقدا دەمێنێتەوە و ناکشێتەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەمریکا عێراق بەجێ ناھێڵێ و لەناو خاکی عێراقدا دەمێنێتەوە، ھیچ کات کونسوڵخانە و باڵوێزخانە و سەفارەتەکانی چۆڵ ناکات، ھەروەھا ئەمریکا ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ عێراقدا ھەیە، ئەو ڕێککەوتنە لە کابینەکەی مستەفا کازمی واژۆی لەسەر کراوە، بێگومان بەشێکی گرنگی ڕێککەوتنەكە لە بواری سەربازی و ئەمنیدا خۆی دەبینێتەوە، بۆیە ”دڵنیاتان دەکەمەوە، ئەمریکا لە عێراق ناڕوات، چونکە ئەمریکا ڕێککەوتنی لەگەڵ عێراقدا ھەیە. کۆمپانیای بواری نەوتیی ھەیە، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای جەنگ و ئامێری جەنگی ھەیە لە عێراق، بۆیە لە دوای کۆتاییھێنانیش بە ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش، ئەمریکا لە عێراق دەمێنێتەوە.
فەریقی یەکەم جەبار یاوەر، ئاماژەی بەوەش کرد: کورد کێشەی لەگەڵ عەرەبدا نییە، عەرەب تەنیا لە عێراقدا نین، بەڵکوو عەرەب زیاتر لە 20 دەوڵەتی جیاوازیان ھەیە، ھەموویان دۆستایەتییان لەگەڵ گەلی کورد زۆر باشە. بەڵگەش بۆ قسەکانم ئەوەیە، کۆمەڵێک کونسوڵگەریی وڵاتانی عەرەبی لە ھەولێری پایتەختی کوردستانن و بەردەوام لێپرسراوانی ئیمارات، سعوودیە، میسڕ و وڵاتانی دیکەی عەرەبی سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن. بەڵام لەناو عێراقدا ھەندێک گرووپی سیاسی ھەن، کە ھەڵگری بیروباوەڕی خراپن، ئەوان بەردەوام دژایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکەن. بۆیە ناکرێت میدیاکان مەترسیی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق گەورە بکەن، چونکە ئەوە بابەتێکە پەیوەندیی بە ململانێی ئێرانەوە ھەیە لەسەر بەرژەوەندییەکانیان لەم ناوچەیە، بۆیە نابێت کورد خۆی تێکەڵی ئەو ململانێیە بکات.“
وەڵام بدەوه