لەناو عێراقدا شەڕ دژی ئەمریکا ڕاگەیاندرا. داوایەکی لە تەواوی گرووپەکە دەکەن.
بەپێی راگەیاندراوێكدا كە نیوە شەوی رابردوو بە ناوی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بڵاو كراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە لە بەرامبەر تیرۆركردنی ئەبوباقر ساعدی، فەرماندەی میلیشیای حزبوڵای عێراقی، بەرەی مقاوەمەت لە عێراق بڕیاری داوە دەست بە هێرشەكانی بۆ سەر ئەمریكا بكاتەوە. هاوكات داواشی لە تەواوی گرووپە چەكدارەكان كردووە، بچنە پاڵ و بەشدارییەكی كارا لە دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكە بكەن.
لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی (العربي الجديد) بڵاوی كردۆتەوە، ئەم بڕیارەی بەرەی مقاوەمەت دوای ئەوە دێت كە دوو فەرماندەی باڵای میلیشیاكان لە بەغدا لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كە دەبێت وەڵامی تیرۆركردنی ئەبوباقر ساعدی بدرێتەوە.
هەمان ڕۆژنامە ڕوونی كردۆتەوە كە ئەم بڕیارە لە كاتێكدا دێت لە ماوەی دوو ڕۆژی رابردوودا، بەردەوام فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا بە ئاسمانی بەغدای پایتەختی عێراقدا بە نزمی سووڕاوەتەوە، بەم هۆیەشەوە خەڵكی تۆقاندووە، بە تایبەتیش كە ئەم سووڕانەوەیە ئاماژەیە لەسەر بەردەوامیی پرۆسەكانی چاودێریكردنی فەرماندەكانی میلیشیایاكان لە لایەن ئەمریكاوە.
ئەو رۆژنامەیە لە زاری سەرچاوەیەكەوە جەختی كردۆتەوە كە درۆنەكانی ئەمریكا لە ئاسمانی بەغدا ئامادەن و ئەگەری ئەوە هەیە كە لە هەر كاتێكدا بێت، هێرشی نوێ بۆ سەر فەرماندەی میلیشیاكان ئەنجام بدەن، ئەمەش وایكردووە جووڵەی میلیشیاكان و فەرماندەكانیان بە شێوەیەكی زەق كەم ببێتەوە.
لە لایەن خۆیەوە موهەنەد جەنابی، توێژەری سیاسیی عێراقی لە تویتێكدا كە ڕۆژنامە عەرەبییەكە ناوەڕۆكەكەی بڵاو كردۆتەوە، رای گەیاندووە، بڕیارەكەی بەرەی مقاوەمەت لە عێراق، ئاماژەیە بەوەی عێراق چۆتە قۆناغی شەڕێكی ناڕێكخراو، ”هەروەك بەیاننامەكەی كەتیبەكانی حزبوڵا بە ڕوونی بە تەواوی لایەنەكانی عێراق دەڵێت، ئەوەی لەگەڵمان نییە، لە دژمانە.“
ئەمە لە كاتێكدایە كە لە 30ی 1ی 2024، میلیشیاكانی حزبوڵای عێراق هێرشەكانی خۆی بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا راگرت، پاش ئەوەی ئەمریكا بە فەرمی رایگەیاند كە تۆڵەی ئەو سێ سەربازەی دەكاتەوە كە لە هێرشەكانی بەرەی مقاوەمەت بۆ سەر بنكەیەكی ئەمریكی لە ئوردن گیانیان لەدەست دا.
وەڵام بدەوه