Kurdistan Press - کەی بەغدا 618 ملیار بۆ ھەرێم دەنێرێت کەی بەغدا 618 ملیار بۆ ھەرێم دەنێرێت | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

کەی بەغدا 618 ملیار بۆ ھەرێم دەنێرێت

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشكرای كرد، بە شێوەیەکی سەرەتایی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە رێک کەوتوون. دەشڵێت: چاوەڕوان دەكەین لەم هەفتەیە 618 ملیار دینارەكەی مووچە بنێردرێت.

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، بە شێوەیەکی سەرەتایی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە رێک کەوتووین، چاوەڕوانیمان ئەوەیە دانیشتنی دووەمی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بکرێت بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بە جۆرێک ئەو لەمپەرانەی لە ماددەکان هەن و رێگرن لە رەوانەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لاببردرێن."

ئاماژەی بەوەش کرد: "هەردوو دیوانی چاودێریی عێراق و هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی هاوبەشیان لەبارەی میلاکی گشتیی هەرێمی کوردستان، ژمارەی مووچەخۆران و بڕی ئەو مووچەیەی پێویستە هەرێم وەریبگرێت، پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و کارەکانیان تەواو کردووە."

ئامانج رەحیم باسی لەوەش كرد: "بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و وەکوو شاندی دانوستاندکار، هەوڵمان داوە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەینە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی.

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاشكراشی كرد، ئەو 618 ملیار دینارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاری لێ داوە، دەنێردرێت، گوتیشی: "هەموو ڕێكارەكانی ناردنی پارەكە تەواو بووە و نووسراوی خەرجكردن گەیشتووەتە لای وەزیری دارایی، بەڵام بەغداش لە خەرجكردنی مووچەی خۆیان دوا كەوتوونە، بۆیە چاوەڕوان دەكەین لەم هەفتەیەدا 618 ملیار دینارەكەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت."

دووپاتیشی كردەوە، تاوەكوو بودجە هەموار دەكرێتەوە، ناردنی ئەو بڕە پارەیە بەردەوامیی دەبێت.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه