سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دەکردووە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ.
رۆژی هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) بەگوێرەی راگەیەندراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوایکردووە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو لایەنە بگیرێتەبەر کە ئەو کردەوە تاوانکارییەکی ئەنجامداوە کە کە هەڕەشە لە پرۆژەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە دەکات و فەرمانی کردووە کە لە ماوەی 48 کاتژمێردا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئاشکرابکرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، بە ئامانجگرتنی کێڵگەی غازیی کۆرمۆر بە کارێکی تێکدەرانەی بە ئەنقەست وەسفکراوە کە ئابووری عێراق دەکاتە ئامانج و جەختیش لە بەسزاگەیاندنی بکەرانی ئەو هێرشە کراوەتەوە.
هاوکات شانەی راگەیاندنی ئەمنی باسی لەوەشکردووە، لە هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، گرووپە تێکدەرەکان لە رێگەی درۆنەوە یەکێک لە کۆگاکانی عەمبارکردنی غازی شلی پێکاوە کە بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە، بۆ ماوەیەک پرۆسەی بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە وەستا تا کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانی گیانی لێبکەوێتەوە.
وەڵام بدەوه