فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "ئێران رێککەوتنێکی لەگەڵ ئیسرائیلدا کردووە، کە رێگریی لێدەکات بە مووشەک رووبەڕووی ببێتەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، لە هێرشەکەی ئەم دواییەی بۆ سەر شاری هەولێر ئامانجێکی لاوازی لە وڵاتێکدا هەڵبژاردووە کە هاوپەیمان و دۆستیەتی.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" گوتی: "ئێران رێککەوتنێکی لەگەڵ ئیسرائیلدا کردووە، کە رێگریی لێدەکات بە مووشەک رووبەڕووی ببێتەوە"، دەشڵێت: لە هێرشەکەی ئەم دواییەی بۆ سەر شاری هەولێر ئامانجێکی لاوازی لە وڵاتێکدا هەڵبژاردووە کە هاوپەیمان و دۆستیەتی.
حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی رێوشوێنی سیاسی و دیپلۆماسی گرتووەتەبەر بۆ وەڵامدانەوەی بۆردومانەکەی ئێران کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە هەولێر ئانجامی دا پێنج هاووڵاتی مەدەنی کوژران و شەشی دیکەش بریندار بوون، هەروەها قسەکانی تارانیشی رەتکردەوە سەبارەت بە بوونی بنکەی مۆسادی ئیسرائیل لەسەر خاکی عێراق.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "سەیرە ئێرانییەکان چی دەکەن کاتێک لۆمەی کەسانی دیکە دەکەن، کە لە ئەنجامی شکستی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کێشەکانی وەک تیرۆر و هێرشی تیرۆریستی لەناو وڵاتەکەیان روودەدەن، بەڵام هەوڵدەدەن هەناردەیان بکەن بۆ دەرەوەی سنوورەکان".
حوسێن روونی کردەوە، "ئێران قەیرانەکانی ناوخۆ بۆ دەرەوەی وڵات هەناردە دەکات، وڵاتێکی هاوپەیمان و دۆستی هەڵبژاردووە و کردوویەتییە ئامانج"، گوتیشی: ئەم وڵاتە دراوسێیە هەمیشە دەڵێت توانای ئەوەی هەیە ئیسرائیل بە مووشەک بکاتە ئامانج، بەڵام ئەوە ناکات چونکە رێسای شەڕکردن هەیە کە لەسەری رێککەوتوون.
وەزیری دەرەوەی عێراق، جەختی لەوە کردەوە، "دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق کەوتۆتە ژێر دانوستانێکەوە کە بەدواداچوون بۆ رۆڵی ئەوان دەکات"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "داعش کۆتایی هاتووە و بووەتە باندێکی تیرۆریستی".
سەبارەت بە خواستی بەغدا بۆ کشانەوەی هێزە ئەمەریکییەکان کە لە بنکە سەربازییەکانی عێراقن، حوسێن گوتی: "ئەمەریکییەکان ئامادەن لەسەر مێزی دانوستان دابنیشن، بەڵام لە هەلومەرجێکی ئاساییدا".
وەزیرەکەی عێراق باسی لەوەشکرد، کەسی دووەممان لە باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا بانگهێشت کرد "چونکە باڵیۆزی ئێران لە تارانە"، و یاداشتێکی ناڕەزایەتیمان پێدا سەبارەت بە دەستدرێژی ئێران بۆ سەر خاکی عێراق لە هەولێر و کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی عێراق.
راشیگەیاند، ئێمە داوای گەڕانەوەی باڵیۆزی عێراقمان لە تاران کرد بۆ بەغدا و بە رێنمایی سەرۆکوەزیران لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی پێکهێنرا.
سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە کە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسم ئەعرەجییە، راپۆرتەکەی پێشکەش بە سەرۆکی حکومەت دەکات، ئەوەی منیش لە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بیستوومە، ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە کە خاوەنی ئەو ماڵەی بۆردومان کراوە بازرگانێکی ناسراوی کوردییە.
دەشڵیت: جگە لەو رێوشوێنانەی باسم کرد، نامەی سکاڵامان پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.
حوسێن روونیکردەوە، ئێران دەڵێت، بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی لە هەولێر کردۆتە ئامانج. ئایا بەڕاستی هەواڵگری ئیسرائیل لەسەر خاکی عێراق هەیە؟
ئێرانییەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەو خانووە بارەگایەکی مۆسادە، بەڵام بێگومان ئەوان بە تەواوی و باش دەیانزانی کە بانگەشەکەیان درۆیە، ئەوان لە ناوخۆدا ئەم هەڵمەتە میدیاییە ساختەیەیان پەرەپێداوە.
وەڵام بدەوه