کۆنووسی رێککەوتنى نێوان شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى، ئاڕاستەى نووسینگەى سوودانى دەکرێت بۆ رەزامەندیدان لەسەرى و دواتر نووسراو ئاڕاستەى وەزارەتى دارایی دەکات بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان لە بودجەی گشتیی خەرج بکات.
لە سەرچاوەيەكى ئاگادارى بەغداوە ئەو کۆنووسى رێککەوتنەى کە لەنێوان شاندى دانوستاندنکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لەبارەى بودجە واژوکراوە، نێردراوە بۆ نووسینگەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆكوەزيرانى عێراق بەمەبەستى رەزامەندیدان لەسەرى.
شەوى 26ى تەممووزى 2023، شاندى دانوستاندنکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لیژنەیەکى حکومەتى عێراقى کۆبوونەوە، لەبارەى پرسی پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیى عێراق رێککەوتن و کۆنووسێکیان واژۆ کرد.
بەگوێرەى کۆنووسى رێککەوتنى نێوانیان، پێویستە هەرێمی کوردستان داهاتە نانەوتییەکان بخاتە سەر هەژمارێکی وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمى کوردستان 50%ى داهاتى خاڵە سنورییەکانى پێ بدرێتەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکان، لەدواى ئەوەى کۆنووسی رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا لە لایەن سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە واژو دەکرێت، نووسراو بۆ وەزارەتى دارایی دەکات بۆ خەرجکردنى پشکى هەرێمى کوردستان بۆ مانگى حویزەرانى رابردوو.
ئەوە لەکاتێکدایە کە 26ى حوزەیران وەزارەتى دارایی عێراق 400 ملیار دینارى رەوانەى هەرێمى کوردستان کرد وەک بەشێک لە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى بۆ ئەو مانگە، کە نزیکەى 800 ملیار دینارى دەمێنێت.
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی تەممووزی 2023، سەرچاوەیەکی نێو کۆبوونەوەی شاندی هەولێر و بەغدا گوت، ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە تەرخاندەکرێت. لە بەرامبەردا جگە لەوەی لە یاسای بودجە چارەنووسی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکە یەکلایی کراوەتەوە، هەرێمی کوردستان پابەندکراوە بە رادەستکردنی سەرجەم داهاتە نانەوتییەکان بە حکومەتی عێراق بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی کە دواتر 50٪ی بۆ حکومەتی عێراق و 50٪ی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایکردووە بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق سەرجەم ئەو پشکەی لە بودجەدا بۆیان دیاریکراوە، کە 10 تریلیۆن و 867 ملیار دینارە بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە بە یەکجار بخرێتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاشان پاکتاوی ئەو قەرزانە لەرێگەی لیژنەکانەوە بکرێت کە لە مانگەکانی رابردوودا رەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە. بۆ ئەم دواکارییە وەزارەتی دارایی عێراق پێی راگەیاندوون ئەمە دەبێت سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری لەبارەوە بدات.
بەپێی زانیارییەکانی، هەفتەی داهاتوو لە رێگەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە 906 ملیار بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.
یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025ـە و قەبارەى پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 975 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینارە؛ لەو بڕە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
وەڵام بدەوه