Kurdistan Press - بانکی ناوەندی بریارێکی دیکە دەرکرد بانکی ناوەندی بریارێکی دیکە دەرکرد | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

بانکی ناوەندی بریارێکی دیکە دەرکرد

بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رێگری لە دابەزینی زیاتری بەهای دینار، بڕیاری دا دۆلار بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی لە جۆرەکانی "A ، B"دا بفرۆشێت. گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش دەڵێت: "ئەو بڕیارەی بانکی ناوەندی بەهای دینار بەرز دەکاتەوە."

بەپێی نووسراوێکی فەرمانگەی چاودێریی ئاڵوگۆڕی دراو لە بانکی ناوەندیی عێراق، کە بە ژمارە 9/5/419 لە رۆژی یەکشەممە، 23-7-2023 ئاڕاستەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەکانی"A ، B" بە ناونیشانی" میکانیزمەکانی راکێشانی پارەی کاش" کردووە، بڕیاردراوە هەفتانە دۆلار بەو کۆمپانیایانە بدات.

جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، رۆژی دووشەممە، 24-7-2023، گوت: "بۆ یەکەمجارە بە فەرمی بانکی ناوەندیی عێراق ئەو رێوشوێنە وەکو بەشێک لە چارەسەر بۆ راگرتنی دابەزینی بەردەوامی بەهای دینار دەگرێتەبەر، پێدانی دۆلار بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو واتە خستەبازاڕی زیاتری دۆلار کە یەکێکە لە چارەسەرییەکان، لەو بڕیاڕە نزیکەی 130 کۆمپانیا سوودمەند دەبن."

سەبارەت بە کاریگەریی بڕیارەکە لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار، جەبار گۆران گوتی: "بڕیارەکە دەبێتە هۆکارێکی باش بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی."

لە نووسراوەکەی بانکی ناوەندیدا هاتووە: "بە مەبەستی خێراکردنی کردەکانی فرۆشتنی دۆلاری ئەمریکی بەرێگەی کاش بۆ گەشتیاران، بانکی ناوەندی بڕیاریدا رێگە بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەکانی "A ، B"، ئەوانەی ئارەزوو دەکەن هەژماری بانکی لای بانکی ناوەندیی بە هەردوو دراوی دینار و دۆلار دەکەنەوە، بدرێت، بەمەبەستی بەشداریکردن لە دەروازەی کڕین و فرۆشتنی دراوە بیانییەکان و بەپێی ئەو رێکارانە:

یەکەم: کارەکانی دانانی پارە

1- کۆمپانیا داواکارییەک پێشکێشی فەرمانگەی ژمێریایی بانکی ناوەندی دەکات بۆ کردنەوەی هەژمار بە دینار بێت یان دۆلار و هەژمارەکە بە دینار بۆ دانانی پارە و بە دۆلار بۆ راکێشان دەبێت بەتەنیا، بەو مەرجەی ناوی رێگەپێدراوانی تێدابێت.

2- بەهای ئەو پارەیەی بە دینار دادەنرێت هاوشێوەی پشکی هەفتانەی بەهای فرۆشتنی دۆلار دەبێت کە 1,310 دینارە بۆ هەر دۆلارێک.

3- دەفتەری چەک بە کۆمپانیای دابینکار لەسەر پارەی خۆی پێدەدرێت، بەو پێیەی راکێشانیش لە دەفتەرەکە بەپێی زنجیرە بێت.

دووەم: کارەکانی راکێشان

1- بەڕێوەبەری رێگەپێدراو یان جێگرەکەی لەگەڵ یەکێک لە فەرمانبەرەکان بەمەبەستی واژۆکردن یان پەنجەمۆرکردن لە هۆبەری دانان و خەرج و کاش ئامادەدەبن و ئەو بەتەنیا بۆ راکێشانی پارە رێگەپێدراو دەبێت.

2- راکێشان بە دۆلار لەماوەی دوو رۆژ لە رۆژی فرۆستنەوە دەبێت و بەپێچەوانەوە فرۆشتنی پشکی نەختینەیی رەتدەکرێتەوە و پارەکە بە دینار بۆ هەژماری کۆمپانیاکە دەگەڕێندرێتەوە.

3- دوای دڵنیابوون لە دروستیی چەکەکە لەلایەن فەرمانگەکانی ژمێریاری و وردبینیی نێوخۆیی، بڕی پارەکە بۆ کۆمپانیاکە خەرجدەکرێت.

4- پێش بەسەرچوونی دەفتەری چەکەکە داواکارییەک بۆ فەرمانگەی ژمێریای دەنێردرێت بەمەبەستی وەرگرتنی دەفتەری چەکێکی دیکە، پێویستیشە بەشی ماوە لە دەفتەرەکە بدرێتەوە بەمەبەستی وەرگرتنی دەفتەرێکی نوێ.

سامر زیبانی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 24-7-2023، لەبارەی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند "دەبێت بانکی ناوەندی ئاسانکاریی زیاتر بۆ بازرگانان بکات ئەوانەی بەراستی شمەک هاوردە دەکەن و رێکاری تووندتر لەدژی ئەو کەس و لایەن و بازرگانانەش بگرێتەبەر کە بازاڕی رەش بەکاردەهێنن بۆ کڕین و فرۆشتنی دۆلار بەکاردەهێنن."

رێوشوێنەکەی بانکی ناوەندیی عێراق، لە کاتێکدایە ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبوونەوە، ئەحمەد جبووری، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیا نووسیویەتی: "پارێزگاری بانکی ناوەندی  گوتی ئەرکی ئەوان سەقامگیریی نەختینەیی و کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکانە، هەروەها کاردەکەن بۆ ئەوەی هاوسەنگی لەنێوان داوا و خواست دروستبکەن و لە رێگەی سەکۆکانەوە چاودێری دراوی نەختینەیی هاتوو و رۆیشتوو بکەن بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە بەشێوەیەکی رەوا هاتووچۆ دەکات

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه