بەرپرسێكی خانەنشینان ئاشكرای كرد، هەر كەسێك پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری راكێشاوە و كەفیلەكەیان خانەنشین بووە، دەبێت كەفیلێكی دیكە بدۆزنەوە، دەشڵیێت: "ئەگەر بانكەكان و گەنجینەكان نووسراویش بۆ ئێمە بكەن، بۆ ئەوەی پارەی خانەنشینانی كەفیل ببڕین، ئێمە ناتوانین ئەو كارە بكەین، چونكە بەپێی یاسای خانەنشینی ناتواندرێت مووچەی خانەنشینی ببڕدرێت."
لەشكری ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین، راگەیاند: "ئەوەی بۆ پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە كەفیلەكەیان خانەنشین بێت، دەبێت بیگۆڕن بۆ كەسێك، كە فەرمانبەر بێت و خانەنشین نەبووبێت، چونكە مووچەی خانەنشین زۆر كەمە و بۆ كەفیلی نابێت و ناتواندرێت پارەی لێ ببڕدرێت
ئاماژەی بەوەش دا: "هەر كەسێك بووەتە كەفیل، پێش خانەنشینبوونی باشتر وایە بە قەرزارەكە بڵێت، كە خانەنشین دەبێت، بۆ ئەوەی كەفیلەكەی بگۆڕێت."
لە رێنوێنییەكی وەزارەتی داراییدا، کە لە 19ی6ی 2023 دەرچووە، جەخت كراوەتەوە، كە گەنجینە و بانكەكانی خانووبەرە و نیشتەجێكردن، نووسراو بۆ ئەو فەرمانگایانە دەكەن، كە فەرمانبەرەكانیان كەفیلی هاووڵاتییانن، بۆ ئەوەی هاووڵاتییەكان قیستەكانیان لە ماوەی دوو مانگدا بگەڕێننەوە. ئەگەر هاووڵاتییەكە لە ماوەی دوو مانگدا قیستەكان نەگەڕێنێتەوە، ئەوا دەبێت فەرمانگەكان یەك لەسەر پێنجی كۆی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەر ببڕن، تاوەكوو قیستەكان تەواو دەبن.
لەشكری ئیبراهیم روونیشی كردەوە: "فەرمانگەكانیش لەو بابەتە كەمتەرخەمن، ئەگەر كەسێك كەفیلی خەڵكە بۆ پێشینەكان، پێویستە پێش ئەوەی خانەنشین بێت بە نووسراو بانك و گەنجینەكان ئاگادار بكەنەوە، بۆ ئەوەی كەفیلێكی دیكە لەبڕی ئەو دابنرێت."
بەرپرسەكەی خانەنشینی، جەختیشی كردەوە، ئەو بابەتە كێشەی دروست كردووە، گوتیشی: "لەگەڵ بەپرسی بانكە پسپۆڕییەكانی وەزارەتی دارایی لەسەر ئەو بابەتە قسمان كردووە، ئەوانیش دووپاتیان كردەوە، كە لەسەر خانەنشینەكان پێویست بووە پێش خانەنشینبوونیان ئەوانە ئاگادار بكەنەوە، كە بوونەتە كەفیلیان، بۆ ئەوەی كەفیلێكی دیكە دیاری بكرێت."
ئەگەر بانكەكان و گەنجینەكان نووسراویش بۆ ئێمە بكەن، بۆ ئەوەی پارەی خانەنشینانی كەفیل ببڕین، ئێمە ناتوانین ئەو كارە بكەین، چونكە بەپێی یاسای 27ی خانەنشینی، ناتواندرێت پارەی مووچەی خانەنشینی ببڕدرێت."
لەشكری ئیبراهیم، جەختیشی كردەوە، خەڵكێك هەیە خانەنشین بووە و كەچی هەر كەفیلی خەڵكە.
بەپێی رێنوێنی دارایی، لە حاڵەتی خانەنشینكردن، یان مردنی كەفیل، دەبێت هاووڵاتیی پێشینەوەرگر ئاگادار بكرێتەوە و كەفیلێكی دیكە دەستبەر بكات.
بەپێی روونكردنەوەیەكی وەزارەتی دارایی، كە لە 4ی7ی 2023 بڵاوكراوەتەوە، هاتووە: "کاتێک ئەگەر قەرزار ئامادە نەبوو لە ماوەی دوو مانگدا قەرزە کەڵەکەبووەکان بگەڕێنێتەوە، لێبڕینی ڕێژەیەک لە مووچەی کەفیل بە یاسا و بڕیاری دادگا ڕێک خراوە، تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە فەرمانبەرن و بوونەتە کەفیلی هاووڵاتی، قەرزار ناچار نەکراوە لە ماوەی دوو مانگەکە هەموو قەرزەکە بگەڕێنێتەوە، ئەگەر هەر کەسێ نەیتوانی لەو ماوەیە قەرزەکە بداتەوە، دەتوانێت لەگەڵ کەفیلەکەی ڕێک بکەوێت و مانگانە ئەو بڕە پارەیە بداتە کەفیلەکە، کە لە مووچەکەی دەبڕدرێت."
وەڵام بدەوه