ئەمریکا و چین رێککەوتن و نرخی زێڕ دابەزی سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا چینییەکەی لە کۆریای باشوور، بەمەبەستی هێورکردنەوەی ناکۆکییە بازرگانییەکانی نێوان واشنتن و پەکین رایگەیاند، رازی بووە پێناسیی گومرگی لەسەر چین کەم بکاتەوە و لە بەرامبەریشدا، سەرۆکی چین رازی بووە بە دواخستنی سنووردارکردنی کانزا دەگمەنەکانی چین بۆ ئەمریکا.
رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، رایگەیاند، رازیبووە پێناسیی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی کاڵا چینییەکان کەم بکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاوتا چینییەکەی، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زلهێزەی بەتایبەتی لە بواری بازرگانیکردندا کەمکردووەتەوە.
ترەمپ باسی لەوە کرد، ئێستا 47٪ـی پێناسیی گومرگی بەسەر کاڵا چینییەکاندا دەسەپێنێت، ئەمەش نزیکەی 10٪ کەمترە لە رێژەی پێش کۆبوونەوەکە.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە بەرامبەردا شی جینپینگ رازی بووە سنووردارکردنی دەستگەیشتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە کانزای دەگمەنەکانی ژێر زەوی بۆ ماوەی ساڵێک دوابخات.
هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە سێ ھەزار و ٩٦٦دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی نزم بووەوە.
نرخی زێڕ لە بازارەکانی هەرێم بەم شێوەیە:
نرخی یەک مسقاڵ زێری عەیارە ٢٤ بە ٩٠٧هەزار دینارە، دوێنێ بە ٩١٩ هەزار دینار بوو.
نرخی یەک مسقاڵ زێری عەیارە ٢٢ بە ٨٣٢ هەزار دینارە، دوێنێ بە ٨٤٣ هەزار دینار بوو.
نرخی یەک مسقاڵ زێری عەیار بە ٢١ بە ٧٤٩ هەزار دینارە، دوێنی بە ٧٥٩ هەزار دیناربوو.
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیاری ١٨ بە ٦٨١ هەزار دینارە، دوێنێ بە ٦٨٩ هەزار دینار.


وەڵام بدەوه