لەگەڵ لە دەستپێكی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا، بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەم حكوومەتی هەرێم 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ رەوانەی دارایی عێراق بكات، لە بەرانبەردا بەغدا مووچەی مانگی پێنج خەرج بكات.
بەغدا نزیكەی سێ مانگە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی خەرج نەكردووە، دوای گفتوگۆیەكی درێژ، رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان كراوە و بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەم دەست بە پرۆسەی پێدانی داهاتی ناوخۆ بە بەغدا بكرێت و لە بەرانبەردا مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی پێنج خەرج بكرێت
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی راگەیاند، هەوڵ هەیە تا 15ـی هەشت، مووچەی هەرسێ مانگەكانی پێنج و شەش و حەوت، دابەش بكرێت، مانگی مووچەخۆرانی هەرێم لەگەڵ مانگەكانی مووچەخۆرانی تری عێراق رێكبخرێتەوە.
دوێنێ شەممە وەزارەتی دارایی هەرێم وەك هەنگاوێك بۆ ناردنی تەمویلی مووچە، میزان موراجەعەی مانگەكانی بۆ پێنج و شەشی بۆ بەغدا نارد.
چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی 24 سەعاتدا لە دوای ناردنی بڕی 120 ملیار دینارەكەی ئەمڕۆ، حكوومەتی عێراق مووچەی مانگی پێنج وەك لە رێككەوتنەكەدا هاتووە خەرج بكات.
سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی راشی گەیاند، بە گەیشتنی پارەكە راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت و تا رۆژی پێنجشەم، هەموو وەزارەت و دەستە و دامەزراوەكان مووچە وەردەگرن.
سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی گوتی، لە رۆژی یەكشەمی هەفتەی داهاتوو، 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی شەش رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەكرێت، رۆژی دواتر چاوەڕێن بەغدا مووچەی مانگی شەش خەرج بكات و راستەوخۆ لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەی مانگی شەش دابەش دەكرێت.
لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەی كۆتایی مانگەكەدا، ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی خشتەی مووچەی مانگی حەوت رەوانەی دارایی بەغدا بكرێت، چاوەڕێ دەكرێت لە سەرەتای مانگی هەشت، مووچەی مانگی حەوتیش خەرج بكرێت.
وەڵام بدەوه