عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە وتارێکدا لە میانی کردنەوەی پڕۆژەی تەلەفریکی چیای زاوا رایگەیاند، هەر جارێک سەرۆکی حکومەت سەردانی دهۆک دەکات، پڕۆژەی نوێ دەکرێنەوە.
پارێزگاری دهۆک، گوتی: " پڕۆژەی تەلەفریکی چیای زاوا، یەکێکە لەو پڕۆژانەی لە بواری گەشتوگوزار خزمەتێکی زۆر بە پارێزگای دهۆک دەکات، خەون و ئامانجی خەڵکی دهۆک ئەوەیە، ئەگەر هەر پارێزگایەکی دیکە ناوێکی پێ بەخشرابێت، پارێزگای دهۆکیش بۆ ئەوە شیاوە، ببێتە پایتەختی گەشتوگوزار لەسەر ئاستی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان، کە چەندین شوێنی گەشتیاری بەناوبانگ لەسەر ئاستی ناوچەکە کەوتوونەتە سنووری پارێزگای دهۆک و سرووشتی پارێزگاکەش بۆ ئەوە گونجاوە، دەتوانین کەرتی گەشتیاری زیاتر پێش بخەین".
گوتیشی: "وەک ئیدارەی دهۆک هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەران دەکەین، بۆ ئەوەی پڕۆژەی زیاتر بە تایبەتی لە بواری گەشتوگوزار ئەنجامبدەن".
پارێزگاری دهۆک سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "هەر جارێک ئێوە سەردانی دهۆک دەکەن، پڕۆژەی نوێ لە دهۆک دەکرێنەوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە 9/5/2021، پڕۆژەی گەشتیاری تەلەفریکی چیای زاوا لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە. کە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی بواری گەشتوگوزاری، درێژیەکەی 3500 مهترە و 500 مهتر بهرزه، لە 26 كابینهی تهلهفریك پێکهاتووە، بە ماوەی 10 خولهك گهشتیار دهگهنێتە سهر چیای زاوا، كه دهڕوانێته شاری دهۆك، هەروەها له كاتژمێرێكدا هەزار کەس بۆ ناو بەشەکانی پڕۆژەکە دەگوازێتەوە، تێچووی پڕۆژەکە 30 ملیۆن دۆلارە.
وەڵام بدەوه