Kurdistan Press - هادی عامری و چارەسەرییەکانی هادی عامری و چارەسەرییەکانی | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

هادی عامری و چارەسەرییەکانی

لە ماوەی رابردوو حكوومەتی عێراق و چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە لە رێگەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە جارێكی تر كێشەیان بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست كرد، ئەوجارەیان بە پاساوی تەواوبوونی پشكی تەرخانكراو بۆ مووچەی هەرێم لە بودجەی سێ ساڵیی عێراق، ئەگەرچی شارەزایان هۆكارەكەی بۆ بابەتی تر دەگەڕێننەوە پێوەست بە سیاسی و گوشار لەسەر هەرێم، بڕیارە شاندێكی بەغدا بە سەرۆكایەتیی هادی عامری سەردانی هەولێر بكات بۆ چارەسەركردنی یەكجارەكیی بابەتەكە.

سەرچاوەیەكی ئاگەداری سیاسی ئاماژە دەكات كە بڕیارە هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر سەردانی هەولێر بكات و دەستپێشخەرییەكی پێیە، ئەو گڵۆپی سەوزی لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی عێراق و هەندێك هێزی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەڵكراوە بۆ گفتوگۆكردنی راستەوخۆ لەگەڵ سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەش دوای گەیشتنی پەیامی ئەمەریكا بۆ عێراق بەوەی بەردەوامبوونی پەرەسەندن زیان بە بەرژەوەندییەكانی عێراق لە دۆسیەی وزە و یارمەتییە نێودەوڵەتییەكان دەگەیەنێت.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، دەستپێشخەرییەكەی عامری سێ تەوەری سەرەكی لەخۆ گرتووە، ئەوانش دەستكردن بە رەوانەكردنی پارە بۆ مووچە لە رێگەی قەرزی مانگانە، رەوانەكردنی راپۆرت لەبارەی داهاتی ناوخۆیی و نەوتی هەرێم، پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان.

هەر بەپێی سەرچاوەكە ناكۆكییەك لە نێوان لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی كاتی سەردانەكەی عامری هەیە، هەندێكیان پێیان وایە هێوركردنەوەی دۆخەكە ئێستە وەك ملكەچیی سیاسی لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، لەوكاتەی هەندێكی تریان پێیان وایە گەیشتن بە چارەسەرێكی كاتی بەر لە جەژنی قوربان، حكوومەتی عێراق لە شەرمەزارییەكی نێودەوڵەتی دەپارێزێت و لە پەرەسەندنی گریمانكراوی دۆخەكە لە لایەن كوردەوە دەیپارێزێت، كە رەنگە شێوازێكی جەماوەری و میدیایی فرەوان وەربگرێت.  

تەنگژەی دوایی ئەوكاتە تەقییەوە كە وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی دارایی هەرێم كرد بەوەی ناتوانن چیتر پارە بۆ مووچە رەوانە بكەن، چونكە ئەو بەشەی لە بودجەی سێ ساڵی بۆ هەرێم تەرخان كراوە كۆتایی هاتووە، یاسین عەزیز شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، تەنگژەی مووچە لە نێوان بەغدا و هەولێر تەنیا كێشەیەكی دارایی نەماوەتەوە، بگرە بەرجەستە لە بوونی ناكۆكییەكی قووڵی سیاسی و دەستووری دەكات كە ساڵانێكە چارەسەر نەكراوە، پێوەست بە مادەی 140 و نەوت و دەروازە سنوورییەكان و دابەشكردنی داهات.

روونی كردەوە، ئەو رێككەوتنە داراییەی لە سەرەتای 2025 پێی گەیشتین، وای وێنا كرد كە تەنگژەكە كۆتایی هاتووە، بەڵام بڕیارەكەی دوایی وەزارەتی دارایی عێراق كتوپڕ بوو و پێشێلی هەموو لێكگەیشتنەكانی پێشووی كرد و دۆخەكەی بۆ خاڵی سفر گەڕاندەوە، رەنگە سەركردایەتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەیەوێ هیچ تەنگژەیەكی ناوخۆیی عێراق بەر لە هەڵبژاردن چارەسەر بكات، جیا لەوە نایەوێ كێشە لە هاوسەنگی سیاسی دروست ببێت لە سایەی پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، دیارترینیان دۆسیەی گفتوگۆی ئێران و ئەمەریكا، كە دۆسیەیەكی نیگەرانكارە بۆ چوارچێوەكە.

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه