Kurdistan Press - نرخی زێر هاڕەی کرد نرخی زێر هاڕەی کرد | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

نرخی زێر هاڕەی کرد

نرخی زێڕ دوای چەندان رۆژ و هەفتە لە هەڵکشان، لە دوێنێوە رووی لە دابەزین کردووە و بە رێژەیەکی بەرچاو لە نرخەکەی کەمی کردووە.

نرخی هەرئۆنسێک زێڕ دوێنێ سێشەم ژمارەی پێوانەیی لە مێژوودا شکاند و گەیشتە بەرزترین نرخ و هەر ئۆنسێکی بە سێ هەزار و 500 دۆلار فرۆشرا. بەڵام لە ئێوارەی دوێنێوە رووی لە دابەزین کردووە و لەو کاتەوە  تا ئێستە 175 دۆلار بۆ هەر ئۆنسێک کەمی کردووە و ئێستە هەر ئۆنسێکی بە سێ هەزار و 325 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

 گرنگترین هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ پاشگەزبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ لەو هەڕەشانەیە کە لە جێرم پاوەڵ سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمەریکای کردبوو. ترەمپ هەڕەشەی دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسە باڵایەی کردبوو و بۆیەش دۆخی بازاڕەکان بە تەواوی شێوابوون.

ئەو دۆخە نوێیەی ئەمەریکا جگە لەوەی کە نرخی زێڕی کەم کردووەتەوە لە هەمان کاتدا دوای چەند هەفتە لە پاشەکشەی بەهای دۆلار و بازاڕەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ بەهای بۆرسە و نرخی دۆلار رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.

گلەیی سەرەکیی ترەمپ لە سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەوە بووە رێژەی سوودی بانکی بە بەرزیی هێشتووەتەوە و کەمی ناکاتەوە.

هۆکارێکی تر کە کاریگەریی بۆ سەر دابەزاندنی بەهای زێڕ هەبووە بۆ ئەگەری رێککەوتنێکی نوێی بازرگانی لە نێوان چین و ئەمەریکا دەگەڕێتەوە. ئەگەر ئەمەریکا و چین رێککەوتن بکەن ئەوا جەنگی ئابووریی و جەنگی پێناسی گومرگیش دەوەستێت و بازاڕەکان ئارامتر دەبنەوە.

زێڕ کە کاڵایەکی گرنگە لە کاتی هەڵاوسان و ناسەقامگیریی بازاڕەکان خەڵک روو لە کڕینی دەکەن و هەر بۆیە ئەمساڵ 28 جار ژمارەی پێوانەیی شکاندووە.

راستە لە دوێنێوە زێڕ دابەزیوە بەڵام نیشانەی ئەوە نییە لە دابەزین بەردەوام بێت، بانکی جی پی مۆرگان پێشبینی کردووە ئەمساڵ نرخی زێڕ بگاتە چوار هەزار دۆلار.

دوێنێ لە ژێر کاریگەریی گرانبوونی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی دنیا بەهای زێڕی عەیار 21 لە هەولێر گەیشتە 715 هەزار دینار بەڵام پێشبینی دەکرێ ئەمڕۆ بۆ خوارووی 700   هەزار رابگەیەنرێت و کەمێکی تر لەگەڵ راگەیاندنی فەرمیی زێڕ لە بازاڕەکانی هەولێر لێرەش نرخی نوێ دەخرێتە روو.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه