گوتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی ھەرێمی كوردستان رای گەیاند، بەشێك لەو كەسانەی خانەنشین دەبن، 18 مووچە بەیەكەوە وەردەگرن، ئەوانیش ئەوانەن كە پێش خانەنشینبوون مۆڵەتەكانیان وەرنەگرتووە لە كاتی دەوامكردنیان .
پاڵپشت بە داواكاری بۆ جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق، رۆژی 15ی ئەم مانگە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا كە تەمەنی 60 ساڵە خانەنشین بكرێن، مەرجی بەغدایش ئەوەیە كە تا كۆتایی ئەم مانگە ئەوانەی خانەنشینی دەیانگرێتەوە، بڕیارەكەیان لەسەر جێبەجێ بكرێت.
سادق عوسمان گوتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی ھەرێمی كوردستان، راگەیاند، بەپێی بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەوانەی تەمەنیان دەگاتە 60 ساڵ لەمساڵدا خانەنشین دەبن و ئەوانەی تریش لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو خانەنشین دەبن، ئەوانیش لەو رۆژەوە بۆیان ھەژمار دەكرێت، ئەمەش بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق ژمارە نۆی ساڵی 2014كە لە پەرلەمانی عێراق پەسند كراوە.
زیاتر گوتی، ھەر فەرمانبەرێك ساڵانە بۆی ھەیە 30 رۆژ مۆڵەت وەربگرێت و ئەگەر مۆڵەتەكانی وەرنەگرتبێت، لە فەرمانگەكەی خۆی شەش مووچەی بنەڕەتیی پێ دەدرێت و ساڵێكیش دەكاتە 12 مانگ، مووچەی تەواو بە ھەموو دەرماڵەكانەوە پێ دەدرێت كە دەكاتە 18 مووچە، واتە 12 مووچەی تەواو و شەش مووچەی بنەڕەتی، بۆیە ھەر خانەنشینێك ئێستە خانەنشین بێت و لە كاتی دەوامكردن مۆڵەتەكانی وەرنەگرتبێت، 18 مووچەی وەردەگرێت وەك پاداشت .
بەپێی ئامارێكیش دوای بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەوانەی تەمەنیان دەگاتە 60 ساڵ خانەنشین دەبن لە ھەرێمی كوردستان، نزیكەی 36 ھەزار كەس خانەنشین دەكرێن .
وەڵام بدەوه