ڕا وەزارەتەکانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی کۆتایی لەبارەی تێبینییەکانی لیستی مووچەی مانگی 12 ئامادە دەکەن، سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندەکە دەگەڕێنەوە بەغدا و شاندێکی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ شاندەکەی عێراق سەدانی بەغدا دەکەن، بۆئەوەی پێش کۆتایی ئەمساڵ مووچەی مانگی 12 و 430 ملیار دینارەکە بنێردرێت
15ی ئەم مانگە شاندێکی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا تەیف سامی بە شاندەکەی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندبوو، تاوەکو سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی لیستی مووچە چارەسەر نەکرێن ئامادە نییە مووچەی مانگی 12 خەرج بکات. یەک ڕۆژ دوای بڕیارەکەی تەیف سامی، لیژنەیەکی وەزارەتی دارایی عێراق کە لە سێ کەس پێکهاتبوون سەردانی هەولێریان کرد و تا 10 ڕۆژ دەمێننەوە، بۆئەوەی کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر بکەن و دووبارە لیستی مووچە ئامادە بکەنەوە. لە لیستی مووچە دوو بڕگە بۆ هەر مووچەخۆرێک زیاد دەکرێت، ئەویش ژمارەی ناسنامە یاخود کارتی نیشتمانی، لەگەڵ ڕێککەوتی دامەزراندنی فەرمانبەران.
زانیاریی تایبەت: ئاڤا زانیویەتی تا ئێستاش شاندەکەی عێراق لەگەڵ تیمێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری کوردستان کار دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن تا ڕۆژی شەممە یاخود یەکشەممەی داهاتوو ڕاپۆرتی کۆتایی ئامادە بکەن و وەڵامی سەرجەم سەرنج و پرسیار و تێبینییەکان بدەنەوە.
ئەندامێكی لیژنەکە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ تیمەکەی شاندی عێراق لە کار دایە، ڕاگەیاند: سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ تەواوبوونی ڕاپۆرتەکە، شاندەکە دەگەڕێنەوە بەغدا و ڕاپۆرتەکە و لیستی نوێی مووچە لەگەڵ خۆیان دەبەن، شاندێکی وەزارەتی دارایی کوردستانیش لەگەڵ ئەو شاندە سەردانی بەغدا دەکات، بۆئەوەی وەڵامی هەر وەڵام و سەرنجێک بدەنەوە ئەگەر لێیان کرا. پێشتر بەغدا بۆ مووچەی مانگەکانی 10 و 11 پارەی بە ناتەواوی نارد و بەمەش بڕی 600 ملیار دینار کورتهێنان دروست بوو، بەڵام ئێستا هەوڵەکان بۆ ئەوەن کە پێش سەری ساڵ 430 ملیارد دیناری موناقەلە کراو، لەگەڵ مووچەی مانگی 12 کە بڕەکەی دیار نیە بنێردریت. ئەگەر وەزارەتی دارایی عێراق گوژمەیەکی دیکەی پارە بێنرێت لەگەڵ 430 ملیار دینارەکە، ئەوا مووچەی مانگی 11ی پێ دابەش دەکرێت، بەڵام ڕوون نییە پێش سەری ساڵ دەنێردرێ، بۆئەوەی دەست بە دابەشکردنی بکرێت، یان دەکەوێتە ساڵی نوێ.
وەڵام بدەوه