وەزیری دارایی ڕایگەیاند، لە پێناو چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی تایبەت بە مووچە، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی و گەنجینەکان و سەرجەم یەکە ژمێریارییەکان ڕاسپێردراون لە ماوەی کەمتر لەهەفتەیەکدا سەرجەم کارەکان تەواو بکەن.
بەپێی ڕاگەیانداوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەمڕۆ سێشەممە 17/12/2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق کرد کە ماوەی دوو ڕۆژە بە سەردانێکی فەرمی لە هەرێمی کوردستانن.
ئاماژە بەوە کراوە، لە دیدارێکدا وەزیری دارایی پشتیوانی خۆی و وەزارەتی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: "لە پێناو چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی تایبەت بە مووچە و جێبەجێکردنی داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر ڕێکخستنەوەی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی و گەنجینەکان و سەرجەم یەکە ژمێریارییەکان ڕاسپێردراون لە ماوەی کەمتر لەهەفتەیەکدا سەرجەم کارەکان تەواو بکەن."
ئەوەش خراوەتە ڕوو، لای خۆشیانەوە تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق سوپاسی پشتیوانییەکانی وەزیری داراییان کرد و رایانگەیاند: "وەک یەک تیم لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی کاردەکەن بۆ ئەوەی لەو ماوەی بۆیان دیاری کراوە کارەکان بەسەرکەوتوویی تەواو بکەن."


وەڵام بدەوه