شارەزایەکی ئابووری دەڵێت، چارەنووسی لیرەی سووری نادیارە و داوا لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات، لە کڕینی لیرەی سووری دوور بکەونەوە تاوەکوو زیانی گەورە لە مامەڵەکردن بە لیرەی سووری نەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15/12/2024، د.ئیدریس ڕەمەزان شارەزای ئابووری ڕاگەیاند: "بەرزبوونەوەی نرخی لیرەی سووری لە هەرێمی کوردستان هیچ لێکدانەوەیەکی ئابووری هەڵناگرێت، بەوپێیەی بەهای لیرەی سووری لە هەموو جیهان وەکوو خۆیەتی، تەنها لە هەرێمی کوردستان بەهاکەی بۆ دووهێندە و سێ هێندە زیادی کردووە، ئەوەش بەهۆی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لە لایەن چەند بازرگانێکی دراو کە بازرگانی بە لیرەی سوورییەوە دەکەن. سەبارەت بە داهاتووی لیرەی سووری گوتی: چارەنووسی لیرەی سوورییش وەکوو دۆخی سیاسیی سووریا نادیارە و تاکوو ئێستا هیچ بەرچاوڕوونیەک نییە سەبارەت بەو دراوە و داهاتووەکەی، بەڵام من پێشبینی دەکەم لیرەی سووری زیاتر داببەزێت، بەشێک لە وێنەی سەر دراوەکانیش وێنەی حافز ئەسەدی باوکی بەشار ئەسەدی لەسەر ماوە، لە ئەگەری گۆڕانی دراوی لیرەی سووری، هەمان سیناریۆی پارەی سویسڕیی ڕژێمی پێشووی عێراق دووبارە ببێتەوە، کە تێیدا خەڵکی ڕووبەڕووی زەرەر و زیانێکی زۆر بوونەوە."


وەڵام بدەوه