لیستی مووچەی مانگی 10 ئامادە کراوە، تەنیا ئەوە ماوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان پارە لە بانکی ناوەندیی عێراق ڕبکێشێت و بڵاوبکرێتەوە، لە سێ بۆ چوار ڕۆژیش مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی مووچە کۆبووە و داوای لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد لە کۆبوونەوەی سبەی پێنجشەممە کێشەی کورتهێنانی سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵ چارەسەر بکات، چاوەڕوانیش دەکرێت دوای هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سوودانی دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت و پارەی پێویست بنێرێت.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی 430 ملیار دیناری بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە دەرکرد، تەنیا ئەوەی ماوە پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیهەرێمی کوردستان لە لقی هەولیری بانکی ناوەندی و پارەکە ڕابکێشرێت. پێشتریش 761 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی 10 نێردرابوو، بەڵا ئەم بڕەش تاوەکو ئێستا ڕانەکێشراوە و بەهۆی ئەوەی کەم بوو حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەنەبوو وەریبگرێت.
دوو ڕۆژ پێش ئێستا ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق گوت، ئەم هەفتەیە بڕی 758 ملیار دیناری دیکە بۆ مووچەی مانگی 11 خەرج دەکرێت. ئەم بڕیارە هەر ماوە و پێشتر حکومەتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر دەربڕیوە، چاوەروان دەکرێت ئەمەش بکەوێتە سبەی و دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری ناردنی بدرێت. لەگەڵ خەرجکردن و گەیشتن و ڕاکێشانی، کۆی پارەکە دەکاتە تریلۆنێک و 949 ملیار دینار، ئەمەش بەشی هەردوو مووچەی مانگەکانی 10 و 11 دەکات، لیستی مووچە ئامادەکراوە، لەگەڵ گەیشتنی پارە بۆ سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان، لیستی مانگی 10ڕادەگەیێنرێ، دواتر ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵیش هەردوو مووچەکە دەدرێن.
لە ماوەی سێ بۆ چوار ڕۆژ مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دەدرێت. یەکەم توێژ مووچەی خانەنشینان دابەش دەکرێت. ئەوانەی 'هەژماری من'ـیان هەیە، پارە دەدرێتە بانکەکانیان و دواتر دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان بەپێی توانای بانکەکان.


وەڵام بدەوه