بانكێكی سەر بە وەزارتی دارایی، كە تیایدا فۆڕمی زەوی دابەش دەكرێت، روونكردنەوە دەدات و جەخت دەكاتەوە، ئەو فۆرمەی مۆری پێوە نەبێت وەرناگیرێت.
بانكی قەڵات لە هەولێر، كە فۆرمی زەویی خانەنشینانی تێدا دابەش دەكرێت، روونكردنەوە لەبارەی ڕێنوێنیی وەرگرتن و پڕکردنەوەی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی بۆ خانەنشینان دەخاتە ڕوو.
بەپێی روونكردنەوەكە، تیایدا ئەوە خراوەتە ڕوو، پێویستە ئەو فۆرمەی بە خانەنشینان دەدرێ، مۆری بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی لەسەر بێت، هیچ فۆڕمێک بەبێ مۆر وەرناگیرێت.
جەختیش كراوەتەوە، كە ئەو فۆرمە تەنبا ئەو خانەنشینانە دەگرێتەوە، کە لە ژیاندا ماون و پێشتر لە وەرگرتنی زەوی و خانوو سوودمەند نەبوون.
روونیش كراوەتەوە، خانەنشینانی دەرەوەی وڵات و خانەنشینانی لادرا و فەسڵ و دەست لەكار كێشاوە، (عزل- فصل،- مستقیل) هەروەها ئەوانەی بە ڕاپۆرتی پزیشکی خانەنشین کراون، دەتوانن فۆرم پڕ بکەنەوە.
جەخت یشكراوەتەوە، میراتگرانی خانەنشینانی کۆچکردوو ناتوانن فۆرم پڕ بکەنەوە.
هاوكات خانەنشینانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، (ئەوانەی لەدەرەوەی شارەکانی هەرێم خانەنشین کراون) ناتوانن فۆرم پڕ بکەنەوە.
بانكەكە راشی گەیاندووە، بەشێک لە زانیاریی فۆرمەکە لەلایەن خانەنشینەوە پڕ دەکرێتەوە، بەڵام زانیاریی ڕاژە لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پڕ دەکرێتەوە، كە جگە لە ڕاژەی کرداری (فیعلی) و ڕاژەی گرێبەستی، هیچ ڕاژەیەکی دیكە هەژمار ناکرێت.
لەو روونكردنەوەیەدا باسی ئەوەش كراوە، سوود لە ڕاژەی خانەنشینان وەرناگیرێت، کە وەک پشتگیری داوا دەکرێت.
پێویست كراوە لەسەر خانەنشین کۆپیی ئەو بەڵگەنامانەی پێویستە لەگەڵ فۆڕمەکە هاوپێچ بکات، كە کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری و ناسنامەی خانەنشینی لەخۆ دەگرێت.
ئەوەش هاتووە: "پێویستە خانەنشین دوای پڕکردنەوەی فۆرمەکە، سەردانی فەرمانگەی دادنووس بکات، بۆ پەسەندکردنی بەڵێننامە، دواتر فۆرمەکە بگەڕێنێتەوە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی."
وەڵام بدەوه