تا ئێستە بەرپرسانی عێراق ددان بە هۆكاری راستەقینەی جێگیربوون و هەڵبەز و دابەزینی نرخی دۆلار لە بازاڕەكان دانانێن، ئەوان سەرنج دەخەنە سەر دیوێكی كێشەكە و واز لە دیوەكەی تر دێنن بەوەی دۆلاری عێراق كە لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەكەوێت، لە ئەمەریكاوە دێت، راوێژكاری ئابووریی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت ئەو هەڵبەز و دابەزینەی نرخی دۆلار لەگەڵ ئەو هێز و بڕی یەدەگە دراوە بیانییەی هەمانە یەك ناگرێتەوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری ئابووریی سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی، ئەوەی روودەدات بەهۆی مامەڵەكارانە بە دۆلارەوە كە لێرە و لەوێ بەدوای هەلێك بۆ قازانج دەگەڕێن، ئەگینا ئەو سیستمە ئاڵوگۆڕە جێگیرەی ئێستە و ئەو سیاسەتە دراوەی هەیە بەهێزترینە لە میژووی عێراق، نرخی دۆلاریش لە بازاڕەكان ئەو كاریگەرییەی لەسەر سەقامگیریی نرخی فەرمیی دۆلار بە گشتی نییە، بەتایبەتی دوای نەمانی باڵادەستیی دۆلار بەسەر مامەڵە ناوخۆییەكان، وەك كڕین و فرۆشتن و گرێبەستەكان.
ساڵح دووپاتی كردەوە، بۆیە نرخی دۆلار لە بازاڕ كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەماوە تەنیا لەسەر ئاستێكی تەسكی ئابوورییەوە نەبێت، ئەویش لە مامەڵە قەدەغەكراوەكان كە لە بازاڕە نافەرمییەكان و بە رێژەی 10% لە كۆی مامەڵەكان هەیە، بۆیە ئەو سەقامگیرییەی لە نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار هەیە سەقامگیرییەكی راستەقینە و جێگیرە.
سەبارەت بە هەڵكشانی دوایی نرخی دۆلار لە بازاڕەكان زیاد هاشمی، توێژەری ئابووری دەڵێت، دوای ئەوەی لە چەند مانگی رابردوو نرخی دۆلار لە بازاڕەكان لە ئاستێكی نزم و سەقامگیردا بوو، بەڵام هێشتا نیگەرانی لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار هەیە، چونكە ئەو دابەزینەی رووی دا بەهۆی ئاسانكارییەكانی بانكی فیدراڵیی ئەمەریكا بووە نەك رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندیی عێراق.
دووپاتی كردەوە، بانكی ناوەندی بۆ هەمان رێوشوێنەكانی پێشووی گەڕایەوە بە سوودوەرگرتن لە ئاسانكاریی بانكی فیدراڵیی ئەمەریكا بۆ حەواڵەكردن و فرۆشتنی سەتان ملیۆن دۆلاری رۆژانە، بۆ پڕكردنەوەی پێویستیی یاسایی و نایاسایی دۆلار، واتە بە بەردەوامبوونی كێشە داراییەكان وەك خۆی بێ چارەسەری.
هاشمی ئاماژەی كرد، تا ئیستە زۆرێك لە بانكەكان لەسەر شێوازی كاركردنی پێشوویان بەردەوامن و تۆڕەكانی مامەڵەی نایاسایی و قاچاغ و بازرگانیی نایاسایی لە سنوورەكان بەردەوامە و دۆلارێكی زۆری عێراق دەبەن، ئەو فرۆشتنە زۆرەی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندیشەوە جۆرێكە لە دروستكردنی سەقامگیریی خەیاڵیی بۆ نرخی دۆلار، كە تەنیا پشت بە گڵۆپی سەوزی بانكی فیدراڵیی ئەمەریكا دەبەستێت، كە مسۆگەر نییە و دەكرێ لەهەر ساتێك ئەو گڵۆپە سەوزە ببێتە سوور و رێگری لە حەواڵە بكرێ و نرخی دۆلار بەرز ببێتەوە.
وەڵام بدەوه