پڕكردنەوەی هەژماری من و تۆماری مووچەخۆران بەردەوامە، ئێستە بەشێكی زۆری بەرپرسانی مووچەخۆر لە سلێمانی فۆرمیان پڕ كردووەتەوە و دەڵێن فەرمانبەر ئارەزووی خۆیەتی.
هاندان بۆ فەرمانبەران و پڕ نەكردنەوەی هەژماری من لەلایەن چەند گرووپێك بەردەوامە، بەڵام هێندە كاڵ بوونەتەوە و رووی راستەقینەیان ئاشكرا بووە، ئێستە بە لێشاو مامۆستایان و فەرمانبەران سەرقاڵی پڕكردنەوەی هەژماری منن.
ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، راگەیاند، هەژماری من لای ئێمە قبووڵكراوە و پێویستە مامۆستایان پڕی بكەنەوە و ئێمە رەتی ناكەینەوە.
باسی لەوەش كرد، ماوەیەكە هەندێ پەیج و دەزگای میدیایی، هەواڵ و زانیاری بە ناوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانەوە بڵاو دەكەنەوە كە هیچ پێوەندیی بە یەكێتیی مامۆستایانەوە نییە.
هاوكات دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتی، هیچ گوشارێك لەسەر مامۆستایان نییە بۆ كردنەوەی "هەژماری من"، بەڵكو ئەوان وەك رێكارێكی ئیداریی نووسراوێكی فەرمی حكوومەتیان بۆ پەروەردەكان ناردووە و ئەوانیش رەوانەی قوتابخانەكانیان كردووە.
باسی لەوەش كرد، خۆی هەژماری منی كردووەتەوە، چونكە ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق ڕێكبكەون، ئەوا حكوومەتی عێراق نە گوێ لە من دەگرێت و نە لە هیچ مامۆستایەك.
هاوكات شەوكەت فەرەیدوون چالاك، راگەیاند، هەژماری من لەلایەن زۆر بەرپرسی سلێمانی پڕ كراوەتەوە، ئەوەی هەیە هاندانە لەلایەن چەندان گرووپ و كەسانێك بۆ بەرژەوەندیی خۆیان كە نایانەوێ فەرمانبەر تێدا سوودمەندبن، بۆیە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكاریان دەهێنن.
ئێستە نزیكەی 300 هەزار مووچەخۆری هەرێمی كوردستان سوودمەندی هەژماری منن و هەژماری منیان بۆ كراوەتەوە، بڕیاریشە تا كۆتایی ساڵ سەرجەم مووچەخۆران ببن بەخاوەنی حیساب بانكی خۆیان.
وەڵام بدەوه