لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، بانکی ناوەندیی عێراق کۆتایی بە کارکردن بە سیستمی ئەلیکترۆنی حەواڵەکردنی دۆلار بۆ دەرەوە دەھێنێت.
بانکی ناوەندیی عێراق، نووسراوێکی ئاراستەی بانکەکانی عێراق کردووە و جەختی کردووەتەوە، تاوەكو کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی بە کارکردن بە سەکۆی ئەلیکترۆنی حەواڵەکردنی دۆلار بۆ دەرەوە دەهێنێت.
د.خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، راگەیاند: بانكی ناوەندیی عێراق لە كۆتایی ئەمساڵدا كۆتایی بە سیستەمی ئەلیكترۆنی حەواڵەكردنی دۆلار بۆ دەرەوە دەهێنێت و زیاتر چاودێریی حەواڵەكردنەكە دەكرێت.
ئاماژەی بەوەش دا: بڕیارەكەی بانكی ناوەندی بۆ ئەوەیە سیستەمی بانكی پێشبخرێت و هانی بانكەكان بدرێت بۆ دروستكردنی پەیوەندی دارایی و بانكی لەگەڵ بانكە جیهانییەكان، بانكەكان دەبێت بەڵگەكانی خۆیان رادەستی بانكی ناوەندی بكەن، چونكە لە ساڵی داهاتوودا بە سیستەمی تازە حەواڵەكردن دەكرێت.
خەلیل غازی، جەخت دەكاتەوە: " ئەم هەنگاوە بەمەبەستی بەرزكردنەوەی بەهای دینارە لە بەرامبەر دۆلار و بۆ ئەوەیە دۆلار كەمتر مامەڵەی پێوە بكرێت."
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ڕوونی کردەوە، کاری سەکۆ ئەلیکترۆنییەکە لە ساڵانی داھاتوو تەنیا دەبێتە چاودێریی و وردبینیکردنی حەواڵە و پێویستە بانکەکان راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ بانکەکانی دەرەوەی وڵات دروست بکەن.
بەگشتی هەفتانە بانكی ناوەندیی عێراق ملیارێك دۆلار لەرێگەی سەكۆی ئەلیكترۆنی دەخاتە ڕوو، كە نزیكی 85%ی حەواڵەی دەرەوەیە
وەڵام بدەوه