بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، کارتى ئەلیکترۆنى بۆ بازرگانانى بچووک دەردەکرێت، کە مانگانە دەتوانن تاوەکو 100 هەزار دۆلار لە بانکى ناوەندیی وەربگرن بەمەبەستى هاوردەکردن وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەى خواست لەسەر دۆلارى نەختینەیی لەلایەن بازرگانانى راستەقینە.
میدیاى فەرمى عێراق وردەکارى ئەو بڕیارەى بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا مەرجەکانى وەرگرتنى ئەو 100 هەزار دۆلارەى روەنکردووەتەوە.
بۆ وەرگرتنى ئەو بڕە دۆلارە دەبێت بازرگانەکە داواکارییەک پێشکێش بە بانکى ناوەندیى بکات بۆ ئەوەى رەزامەندى لەسەر بدرێت و کارتێکى ئەلیکترۆنى بە ناوى بازرگانەکەوە بۆ دەربکرێت و ئەو بوارانە دیاری دەکرێت کە کارتەکە بەکاربهێندرێت هاوتا بێت لەگەڵ رێکارەکانى حەواڵەى دەرەکى کە لە ساڵى 2023 لەلایەن بانکى ناوەندییەوە دەرکراوە.
بانکى ناوەندیى دۆلار بە نرخى فەرمى دەداتە بازرگانان بەمەبەستى هاوردەکردن کە 1305 دینارە بەرامبەر هەر دۆلارێک.
ئەو بڕە دۆلارەى کە بازرگانانى بچووک دەتوانن لە بانکى ناوەندیی وەربگرن نابێت 100 هەزار دۆلار زیاتر بێت، لەگەڵ ئەوەى ئەگەر هەیە لە ئایندەدا بڕەکەى زیاتر بکرێت لەبەر رۆشنایی جێبەجێکردنى کردارىی ئەو رێکارە، دەبێت ئەو کارتە ئەلیکترۆنییە بۆ مەبەستى کڕینى کاڵا و خزمەتگوزارى بن لە هاوردەکارێکەوە کە ناسراو بێت کە پێشتر لە لیستى سپى دیاریکراون.
یەکێکى دیکە لە رێکارەکان ئەوەیە ئەو پارەیەى بازرگانانى بچووک بە دینار بۆ کڕینى دۆلار تەرخانی دەکەن لە لقەکانى بانکە عێراقییەکان دابنرێن.
وەڵام بدەوه