گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گفتوگۆکانی شاندی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حکومەتی عێراق "زۆر باش" بوو. دەشڵێت، هەوڵ و ئامانجیان ئەوەیە ئەم ساڵ هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لاببەن.
رۆژی سێشەممە 09-01-2024، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، "لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەی هەمواری یاسای بودجەی عێراق رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت".
لەبارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانیان بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، هونەر جەمال گوتی، "گفتوگۆکان تاوەکو ئێستا لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوە دەچن؛ ئامانجی سەرەکیمان لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم مووچەی فەرمانبەرانە لە ساڵی 2024دا، بەگشتی گفتوگۆکان زۆر باش بەڕێوەدەچن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە".
لەماوەی رابردوودا زیاتر لە جارێک دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و راپۆرتی خۆیان لەبارەی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و داهاتی نێوخۆ نووسیوە، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی دەڵێت، "راپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق زیاتر رێگە خۆش دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی و بودجەی هەرێمی کوردستان".
خەرجی تێچوونی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو کێشانەی بەردەوام لەنێوان هەولێر و بەغدادا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هونەر جەمال دەڵێت، بۆ دەرهێنانی نەوت هەرێمی کوردستان بۆچوون و تێبینییەکانی داوەتە بەغدا کە ئەویش لە هەمواری یاسای بودجەدا چارەسەر بکرێت. گوتیشی، "هەرێمی کوردستان بە حکومەتی عێراقی گوتووە، دەبێت ئەو زیاتر لە 10 ترلیۆن دینارەی کە لە ساڵێکدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دیاریکراوە لە ھەموو خەرجییەکانی دیکە جیابکرێتەوە و مووچەی هەرێمی کوردستانیش وەکو پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەکاتی خۆیدا بگات و دابەشبکرێت".
لەبارەی ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی گوتی، تاوەکو هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق، "بۆ ناردنی هەر بڕە پارەیەک وەکو قەرز بۆ مووچە لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە و دەتوانێت بیخاتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە و دوای پەسەندکردنی رەوانەی هەرێمی کوردستانی بکات".
دوای سێ رۆژ لە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق، شاندەکەی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە هەولێر. بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندی هەرێمی کوردستان داوای لە بەغدا کردووە، تاوەکو یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە، بۆ ئەم مانگە 750 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران بنێرێت.
تاوەکو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان بەغدا تۆمەتبار دەکات بە نەناردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان.
وەڵام بدەوه